رێبەریی خۆسەریی نوێنەرایەتی خۆی لە پاریس کردەوە
بەرپرسێکی رۆژئاوا: هاوپەیمانێتی سووریا هیچ دەستکەوتێکی بەدەستنەهێناوە لە داوای رووخاندنی سەرۆک بەشار ئەسەد جێی باس بێ، مەگەر گڕدانی کوشتن و قەیرانی کۆچبەران نەبێ

K24-ھەولێر
دەسەڵاتی رێبەریی خۆسەریی لە رۆژئاوای کوردستان نووسینگەی نوێنەرایەتی خۆی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا کردەوە، لە کاتێکدا فەرەنسا هێشتا دانی بە دەسەڵاتی رێبەریی خۆسەریی لە رۆژئاوای کوردستان نەناوە.
نوێنەری پارتی یەکێتی دیموکراتی کورد لە فەرەنسا خالید عیسا لە ئاهەنگی کردنەوەی نووسینگەی نوێنەرایەتی رێبەریی خۆسەریی رۆژئاوای کوردستان لە ناوەڕاستی شاری پاریس بە "هەنگاوی سیمبوولی گەورە" ناوبرد. بەپێی ئاژانسی هەواڵدەری فرانس پرێس.
خالید عیسا گوتیشی: "ئەگەر ئێمە لە دانووستانەکان لەبارەی ئایندەی سووریا دوورخرێینەوە رێگەچارەیەکی جێگیر و بەردەوام بەدی نایەت".
چەند کەسایەتییەکی ناودار ئامادەی ئاهەنگەکە بوون وەک وەزیری پێشووی دەرەوەی فەرەنسا بیرنارد کۆشنێر و بیرمەندی فەرەنسا بیرنارد هنری لیفی، سەرەرای ئەمەس هێشتا فەرەنسا دانی بە دەسەڵاتی رێبەریی خۆسەریی لە رۆژئاوای کوردستان نەناوە.
لە مانگی سێی ساڵی 2016 دەسەڵاتی رێبەری خۆسەریی لە رۆژئاوای کوردستان سیستمی فیدڕاڵی لەو ناوچەیە راگەیاند و ئەم بڕیارە لە لایەن حکوومەتی سووریا لە دیمەشق و ئۆپۆزسیۆنی سووریا رەتکرایەوە.
لای خۆیەوە نوێنەری رێبەریی خۆسەریی لە ئەوروپا سینەم محەممەد بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوت: "پرسی لە پێش بۆ ئێمە شکستپێهێنانی تیرۆرە و بەدیهێنانی سەقامگیرییە لە سووریا".
سینەم محەممەد ئاماژەشی کرد: "هاوپەیمانێتی سووریا کە لە لایەن رۆژئاواوە پاڵپشتی دەکرێت هیچ دەستکەوتێکی بەدەستنەهێناوە لە داوای رووخاندنی سەرۆک بەشار ئەسەد جێی باس بێ، مەگەر گڕدانی کوشتن و قەیرانی کۆچبەران نەبێ".
خۆیەوە نوێنەری رێبەریی خۆسەریی لە ئەوروپا کە ئەندامی پارتی یەکێتی دیموکراتی کوردە گوتیشی: "کێشەکە رووخانی ئەسەد و کەسانی دەسەڵاتدار نییە، بگرە گۆڕینی رژێمە".
ئەمە لە کاتێکدایە دەسەڵاتی رێبەریی خۆسەریی رۆژئاوای کوردستان نوێنەرایەتی لە مۆسکۆ و ستۆکهۆڵم و بەرلین هەیە.
ئا: ئا ، ف