هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا دادەبەزێت
لە هەفتەی رابردوودا بۆ 163 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دابەزیوە
K24 - هەولێر
فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمەریکا رایگەیاند، هاوردەی نەوتی عێراق بۆ وڵاتەکەیان لە هەفتەی رابردوودا بۆ 163 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دابەزیوە.
لە راپۆرتی فەرمانگەکەدا هاتووە، تێکڕای هاوردەی نەوت لە هەفتەی رابردوو نزیکەی 5 ملیۆن و 130 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە و لە نۆ وڵاتەوە هاوردەکراوە، ئەوەش بەراورد بە هەفتەی پێشووتر بە بڕی 339 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە کەمیکردووە.
لە راپۆرتەکەدا روونکراوەتەوە، لە هەفتەی رابردوو عێراق رۆژانە 163 هەزار بەرمیلی هەناردەکردووە، بەراورد بە هەفتەی پێشووتر 184 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە کەمیکردووە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە، زۆرینەی نەوتی هاوردەکراوی ئەمەریکا لە کەنەدا بووە، بە بڕی 3 ملیۆن و 147 هەزار بەرمیلی رۆژانە لە دوای ئەو هەریەکە لە مەکسیک، رووسیا، ئیکوادۆر بە بڕی جیاواز ناویان هاتووە.