لەسەر ئاشکرا کردنی گەندەڵی کەسێکی دیکە لە هەڵەبجە دەستگیر دەکرێت

چەند گەندەڵییەکی کەرتی تەندروستی هەڵەبجەی خستووەتەڕوو

ناسیح عەبدولرەحیم
ناسیح عەبدولرەحیم

K24 – هەولێر

بەڕێوەبەری بانکی خوێنی هەڵەبجە، پاش ئەوەی چەند گەندەڵییەکی کەرتی تەندروستی لە شارەکە ئاشکرا دەکات، دەستگیر دەکرێت و دادوەر بڕیاری زیندانی کردنی شەش مانگی بەسەردا دەسەپێنێت.

ناسیح عەبدولرەحیم، بەڕێوەبەری بانکی خوێنی هەڵەبجە دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەند گەندەڵییەکی کەرتی تەندروستی خستەڕوو، هەروەها لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی داواکار-ی کوردستان24 باسی لەو گەندەڵیانە کرد کە لە تەندروستی هەڵەبجە هەیە، لەسەر سکاڵای چەند کارمەندێکی تەندروستی دەستگیر کراوە و دواتر دادوەر بڕیاری داوە بە شەش مانگ زیندانی کردن سزا بدرێت.

مەریوان عەبدولرەحیم، برای ناسیح بە کوردستان24ی گوت: "ئەو شتانەی ناسیح لەسەر تەندروستی گوتویەتی بە بەڵگە هەمووی راستە. بۆ نموونەی باسی گەندەڵی و دەوام نەکردنی ژمارەیەک کارمەند کرد، ئەو کارمەندانەی ئەو باسیکردن سزا دران، هەر ئەو کارمەندان سکاڵایان لەسەر ناسیح تۆمار کرد و دادوەر بڕیاری دەستگیر کردن و سزای شەش مانگ زیندانی کردنی بەسەردا سەپاندووە".

گوتیشی: "ناسیح گەندەڵی ئاشکرا کردووە، دەبوایە خەڵاتی بکەن، نەک دەستگیر بکرێت".

باسی لەوەشکرد: "براکەم ئێستا لە هەڵەبجە دەستگیر کراوە، بڕیارە دوای ئەنجامدانی پشکنینی کۆرۆنا لە هەڵەبجەوە بۆ زیندانی کردن رەوانەی سلێمانی بکرێت، دادوەر بڕیاریداوە شەش مانگ زیندانی بکرێت، کە ئەمە بە بڕوای ئێمە هەڵەیە، چونکە ئەگەر بەڵگەکانی راست نەبایە، چۆن کارمەندەکان سزا دەدران، ئەوان دوای سزادان هاتوون سکاڵایان دژی ناسیح تۆمار کردووە".

ئەمە لەکاتێکدایە چەند رۆژێک لەمەوبەر پزیشکێک بەناوی باخان ئازاد لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهۆی ئاشکرا کردنی چەند گەندەڵییەکی کەرتی تەندروستی هەڵەبجە دەستگیر کراوە.

لەلایەکی دیکە بەگوێرە گرتە ڤیدیۆیەکی کوردستان24 رۆژی 7/6/2021، نەخۆشێک کە باری تەندروستی ناجێگیرە دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجە، بەڵام لەوکاتەدا هیچ پزیشکێک لەوێ نییە چارەسەری بکات، پۆلیس و کارمەندانی دیکەی نەخۆشخانە بەهانای نەخۆشەکەوە دەچن.

Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل