غەریب حەسۆ: رەققە دەبێتە بەشێك لە فیدڕاڵییەتی رۆژئاوا

"پەیەدە پشتگیری لەم بڕیارە دەكات"

K24 - ھەولێر

نوێنەری پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای رزگارکردنی، شاری رەققەی پایتەختی داعش لە سووریا دەبێتە بەشێك لە سیستمی فیدڕاڵی رۆژئاوا و باکووری سووریا.

غەریب حەسۆ، نوێنەری پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) لە هەرێمی کوردستان بە (كوردستان24)ی راگەیاند: "دوای رزگارکردنی، شاری رەققەی پایتەختی داعش لە سووریا، شارەکە دەبێتە بەشێك لە سیستمی فیدڕاڵی رۆژئاوا و باکووری سووریا، ئێمە وەك پەیەدە، پشتگیری لەو پڕۆسەیە دەكەین".

غەریب حەسۆ گوتیشی: سوپای سووریا شکستیهێنا لە رزگارکردنی شاری رەققە لە بندەستی تیرۆریستان و حکوومەتی سووریا هیچی پێناکرێت بۆ رێگەگرتن لە بوونی شاری رەققە بە بەشێك لە سیستمی فیدڕاڵی رۆژئاوا".

نوێنەری (پەیەدە) لە هەرێمی کوردستان ئاماژەشی بۆ ئەوەکرد: "سوپای سووریا بەشدار نییە لە شەڕی رزگاركردنی رەققە لە بندەستی داعش".

سیستمی فیدڕاڵی لە رۆژئاوا و باکووری سووریا لە 17ی مانگی 3 ساڵی 2016 راگەیەندرا و حکوومەتی سووریا بە فەرمی رەتیکردەوە.

شاری رەققە لە باکووری سووریا لە ساڵی 2013 وە كەوتە بندەستی چەکدارانی داعش و لە شەممەی رابردووەوە هێزەکانی سووریای دیموکرات کە لە شەرڤانانی کورد و عەرەب و ئاشووری پێکهاتوون، بە پاڵپشتی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی شەڕی گرتنەوەی ناوچەکانی باکووری رەققەیان دەستپێکردووە.