پهيهده: رهققه دهبێته بهشێك له سيستمى فيدراڵى
دوای کۆنترۆڵکردنی شاری رەققە، ئەوا ئەو شارە سوورییە دەبێتە بەشێک لە سیستەمی فێدراڵی باکووری سووریا.
K24 – ههولێر:
شاری رەققە دەبێتە بەشێک لە سیستەمی فێدراڵی باکووری سووریا.
غەریب حەسۆ، نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی کوردستان بە کوردستان 24 راگەیاند، دوای کۆنترۆڵکردنی شاری رەققە، ئەوا ئەو شارە سوورییە دەبێتە بەشێک لە سیستەمی فێدراڵی باکووری سووریا.
حەسۆ روونیکردووەتەوە، هێزەکانی سووریاى دیموکرات رۆڵی سەرەکی لە شەڕی کۆنتڕۆڵکردنی رەققە دەگێڕێت و دوای کۆنترۆڵکردنیشی هەر لە ژێر دەسەڵاتی سووریای دیموکراتى دەمێنێتەوە.
حەسۆ سەبارەت بە رادەستکردنەوەی رەققە بۆ سووریا دووپاتیکردەوە، حکومەتی سووریا شکستیهێنا لە وەدەرنانی چەکدارانی داعش لە رەققە، هەربۆیە رەققە دەبێتە بەشێک لە سیستەمی فیدراڵی باکووری سووریا.
ههر لهو چوارچێوهيهدا، بەرپرسێکی باڵای ھێزی دیموکراتی سووریا (ھەدەسە) ئەو ئۆپراسیۆنەی چەند رۆژێکە دەستی پێکردووە، بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شاری رەقە نییە، بەڵکو بۆ رزگارکردنەوەی ناوچەکانی باکووری شاری رەقەیە.
تەڵال سیلۆ، گوتەبێژی ئەو ھێزە رایگەیاندووە، کە ئەو شەڕ و ئۆپراسیۆنەی ئێستا ھەیە، بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی سەنتەری شاری رەقە نییە، بەڵکو بۆ ناوچەکانی دەووروبەریەتی.
ھەروەھا ناوبراو ئاشکرایکردووە، کە ئەو ھێرشانەی چەند رۆژی رابردوو بەشێک نییە لە ئۆپراسیۆنی رەقە و ئێستا پلانی ئۆپراسیۆنی ئەو شارە کە بە پایتەختی داعش لە سووریا ناسراوە، ھێشتا دیارنییە.
چەند رۆژێک لەمەوپێش، چەند راپۆرتێک ئاماژەی بەوەدا کە ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی رەقە دەستیپێکردووە و فڕۆکە جەنگییەکانی ھێزی ھاوپەیمانان بڵاوکراوەیان بۆ دانیشتوانانی شاری رەقە فڕێداوەتە خوارەوە و داوایان لێکردوون شارەکە بەجێبهێڵن، بەڵام گوتەبێژی ھەسەدە، دەڵێ ئۆپراسیۆنی شاری رەقە، جارێکی ماویەتی.