به‌هۆی داڕمانی به‌فر كرێكارێك له ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی گیانی له‌ده‌ستدا
دانیشتووی هه‌ولێره و ته‌مه‌نی 33 ساڵه و له گوندی وێزه‌ی سنووری قه‌زای چۆمان له‌سه‌ر خانووی یه‌كێك له هاووڵاتییان كاری ده‌كرد
K24- هه‌ولێر:
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ كرێكارێك لە ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی، له‌كاتی پشوودان به‌هۆی داڕمانی به‌فر گیانی له‌ده‌ستدا.
له‌وباره‌یه‌وه دكتۆر ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن مه‌لا، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی چۆمان تایبه‌ت به كوردستان24ی راگه‌یاند، رووداوه‌كه كاتژمێر 4:30 خوله‌كی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ روویداوه و ئه‌و كه‌سه‌ی له‌و رووداوه‌دا گیانی له‌ده‌ستداوه، دانیشتووی سه‌نته‌ری پارێزگای هه‌ولێره، وه‌ستای بیناسازی بووه و به‌مه‌به‌ستی كاركردن هاتبووه ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی.
هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌و كرێكاره كه ته‌مه‌نی 33 ساڵ بوو و له گوندی وێزه‌ی سنووری قه‌زای چۆمان له‌سه‌ر خانووی یه‌كێك له هاووڵاتییان كاری ده‌كرد، له‌كاتی پشوودان له‌گه‌ڵ سێ له هاوڕێكانی چوونه‌ته ژێر توونێلێكی به‌فر له سه‌روچاوه‌ی كوێستانی پڕژه و له‌ناكاو به‌فر به‌سه‌ریاندا رماوه و یه‌كێكیان زامدار بووه و به‌ر له‌وه‌ی بگه‌یه‌ندرێته نه‌خۆشخانه‌ی چۆمان، گیانی له‌ده‌ستداوه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، ئه‌و كرێكاره‌ی له‌و رووداوه‌دا گیانی له‌ده‌ستدا، له بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستانه، به‌ڵام نیشته‌جێی شاری هه‌ولێر بوو.
به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی چۆمان گوتیشی: دوای ئه‌و رووداوه له‌سه‌ر راسپارده‌ی دادوه‌ری چۆمان، ته‌رمی قوربانییه‌كه ره‌وانه‌ی پزیشكی دادی سۆران كراوه.
له 22ی ته‌مموزی ساڵی 2016ـه‌ش له رووداوێكی هاوشێوه‌دا به‌هۆی داڕمانی به‌فر له كوێستانی پڕژه‌ی گوندی وێزه، 3 گه‌شتیار گیانییان له ده‌ستدا، كه دانیشتووی شاری هه‌ولێر بوون و كه‌سێكی دیكه‌ش برینداربوو.
كوێستانی پڕژه ده‌كه‌وێته سنووری گوندی وێزه له رۆژهه‌ڵاتی سه‌نته‌ری قه‌زای چۆمان و به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی ئه‌و ناوچه‌یه، به‌رده‌وام به‌فر له‌و كوێستانه هه‌یه و ساڵانه ژماره‌یه‌كی زۆری گه‌شتیاران و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ش بۆ به‌سه‌ربردنی كات روو له‌و شوێنه ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت له وه‌رزی هاویندا.
جێگای ئاماژه‌یه، جوگرافیای ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی خاوه‌ن تۆپۆگرافیایه‌كی شاخاوییه و خه‌ڵكێكی زۆر روو له‌و ناوچه‌یه ده‌كه‌ن، ساڵانه چه‌ندین كه‌س به‌هۆی رووداوی خنكان و هه‌ڵدێران له شاخ و هه‌ره‌سی به‌فر ده‌بنه قوربانی. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌ره هاوسنووره له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران و له ساڵانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو به‌هۆی شه‌ڕی عێراق و ئێران، تا ئێستاش پاشماوه‌ی مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان له‌و ناوچه‌یه هه‌ر ماون، بۆیه ساڵانه به‌هۆیه‌وه چه‌ندین كه‌س به‌ر مین ده‌كه‌ون و ده‌بنه قوربانی، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی بۆ گژوگیای به‌هاره ده‌چنه شاخ.
H.B