بایدن باسی هێرشەکەی سەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەکات
"هێرشەکە بە ئامانجی پاراستنی هێزەکانمان بووە لە عێراق"
K24 - هەولێر
سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەو بنکانەی لەسەر سنووری عێراق و سووریا کرانە ئامانج، بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی بەکاردەهێنران.
لە نامەیەکدا بۆ نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتیکردەوە، ئەو بنکانەی لەسەر سنووری عێراق و سووریا، لەلایەن هێزی ئاسمانی وڵاتەکەیەوە کرانە ئامانج، "بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بەکاردەهێنران و هێرشەکە بە ئامانجی پاراستنی هێزەکانمان بووە لە عێراق".
لەلایەکی دیکەوە، لیندا تۆماس نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی "ئامانج لە هێرشە ئاسمانییەکەی ئەم دواییە، بۆ سەر میلیشیاکانی سەربە ئێران، بۆ رێگریکردن بووە لە ئەنجامدانی هێرشی زیاتر بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی لە عێراق".
بهرهبهیانى رۆژی 28/6/2021 فڕۆكه جهنگییهكانى ئهمهریكا، سێ بنكهى سهربازى گرووپەکانی حهشدى شهعبی له عێراق، بۆردوومان كرد، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی حەشد چوار چەکداریان کوژراون.
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" ئاشکرای کردووە، ئەو هێرشە بە فەرمانی جۆو بایدن ئەنجامدراوە.
جۆن کێربی، گوتەبێژی وهزارهتی بهرگری ئهمهریكا لەبارەی ئەگەری وەڵامدانەوەی میلیشیا شیعەکان و هێرش بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمهریکا و پلانی داهاتوویان دەڵێت: پلانی سەربازی خۆمان بۆ میدیاکان ئاشکرا ناکەین، بەڵام بەگوێرەی دەستوور سەرۆکی ئەمهریکا بەرپرسیارێتی پاراستنی گیانی سەربازانی ئەمهریکی لەئەستۆیە و هەرکات پێویست بکات، دەسەڵاتی خۆی بەکاردەهێنێت.