سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ باڵیۆزى رووسیا کۆبووەوە
باڵیۆزى رووسیا: وەزارەتى دەرەوەی رووسیا گرنگى بە پرسى کورد دەدات
K24 - ههولێر:
نێچیرڤان بارزانى، ئەمڕۆ دووشەممە 5ی تهممووز/ یۆلیۆی 2021 پێشوازى لە "ئیلبروس کوتراشیڤ"، باڵیۆزى تازەى رووسیا لە عێراق و شاندێکى یاوەرى کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا "نێچیرڤان بارزانى" پیرۆزبایی دەستبەکاربوونى لێکرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست. هەردوولا جەختیان لە خواستى دوولایەنە بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان و فراوانکردنى بوارەکانى هاریکارى و هاوبەشیى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ رووسیا کردەوە.
باڵیۆزى رووسیا سەرسامیى خۆى بە پڕۆسەى ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان و پێشکەوتنەکانى هەرێمى کوردستان دەربڕى و ئاماژەى بەوە دا، کە وەزارەتى دەرەوەى وڵاتەکەى گرنگى بە پرسى کورد دەدات، هەروەها باسى لە کوردانى رووسیا کرد، کە لە زۆر بوارى گرنگى وڵاتەکەدا کاران و خاوەن رۆڵ و پێگەى دیارن.
جگە لە هەڵبژاردنى پێشوەختە و دۆخى عێراق بەگشتى، کۆرۆنا و هەڵمەتەکانى کوتان بە پێکوتەى دژى پەتاى کۆڤید_19، دۆخى سووریا و دوایین پێشهاتەکانى وڵاتەکە، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو. تێیدا هەردوولا هاوڕابوون، کە دۆخى سووریا و کێشەکانى وڵاتەکە دەبێت لە رێگهی سیاسییهوه چارەسەر بکرێن.