سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ باڵیۆزى رووسیا کۆبووەوە

باڵیۆزى رووسیا: وەزارەتى دەرەوەی رووسیا گرنگى بە پرسى کورد دەدات

نێچیرڤان بارزانى، پێشوازى لە "ئیلبروس کوتراشیڤ"، باڵیۆزى تازەى رووسیا لە عێراق کرد
نێچیرڤان بارزانى، پێشوازى لە "ئیلبروس کوتراشیڤ"، باڵیۆزى تازەى رووسیا لە عێراق کرد

K24 - هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانى، ئەمڕۆ دووشەممە 5ی ته‌ممووز/ یۆلیۆی 2021 پێشوازى لە "ئیلبروس کوتراشیڤ"، باڵیۆزى تازەى رووسیا لە عێراق و شاندێکى یاوەرى کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا "نێچیرڤان بارزانى" پیرۆزبایی دەستبەکاربوونى لێکرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست. هەردوولا جەختیان لە خواستى دوولایەنە بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان و فراوانکردنى بوارەکانى هاریکارى و هاوبەشیى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ رووسیا کردەوە.

باڵیۆزى رووسیا سەرسامیى خۆى بە پڕۆسەى ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان و پێشکەوتنەکانى هەرێمى کوردستان دەربڕى و ئاماژەى بەوە دا، کە وەزارەتى دەرەوەى وڵاتەکەى گرنگى بە پرسى کورد دەدات، هەروەها باسى لە کوردانى رووسیا کرد، کە لە زۆر بوارى گرنگى وڵاتەکەدا کاران و خاوەن رۆڵ و پێگەى دیارن.

جگە لە هەڵبژاردنى پێشوەختە و دۆخى عێراق بەگشتى، کۆرۆنا و هەڵمەتەکانى کوتان بە پێکوتەى دژى پەتاى کۆڤید_19، دۆخى سووریا و دوایین پێشهاتەکانى وڵاتەکە، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو. تێیدا هەردوولا هاوڕابوون، کە دۆخى سووریا و کێشەکانى وڵاتەکە دەبێت لە رێگه‌ی سیاسییه‌وه‌ چارەسەر بکرێن.

نێچیرڤان بارزانى، پێشوازى لە
نێچیرڤان بارزانى، پێشوازى لە "ئیلبروس کوتراشیڤ"، باڵیۆزى تازەى رووسیا لە عێراق و شاندێکى یاوەرى کرد