لە ئاهەنگێکی بووک گواستنەوە 30 کەس تووشی کۆرۆنا بوون
ژنێکی دوو گیان لەناو تووشبووان گیانی لەدەستدا

K24 – کەرکووک
لە گەڕەکێکی شاری کەرکووک، لە ئاهەنگێکی بوک گواستنەوە 30 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و یەکێک لە تووشبووان ژنێکی دوو گیان بوو بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا.
بەپێی زانیارییەکان پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک لە گەڕەکی راپەڕین 2ی شاری کەرکووک خێزانێک ئاهەنگی بوک گواستنەوەیان لە یەکێک لە هۆڵەکانی شارەکە رێکخستووە، دوای ئاهەنگەکە ژمارەیەک لە بەشداربووان تووشی کۆرۆنا بوونە و تائێستا ژمارەی تووشووانی کۆرۆنا لەو ئاهەنگە گەیشتووەتە 30 کەس.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ماوەیەکی کەمدا ئەو خێزانە دوو جار ئاهەنگیان کردووە، یەکەمجار ئاهەنگی مارەبڕین بووە، دوای ماوەیەکی کەم ئاهەنگی هاوسەرگیریان ئەنجامداوە.
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی کەرکووک بە کوردستان24ی راگەیاند: "ژنێکی تەمەن 24 ساڵ کە دوو گیان بوو لەناو تووشبووان بوو، بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا و دایکشی کە تووشی ڤایرۆسەکە بووە و باری تەندروستی ناجێگیرە".
سەرچاوەکە روونیکردەوە: "ئەو خێزانە کە ئاهەنگەکەیان ساز کردبوو کوردن، رەنگە ژمارەی تووشبووان زیاتر بێت، بەڵام تائێستا ئاشکرا کراوە کە 30 کەس هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان".
لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24، دکتۆر سەباح نامیق، دكتۆر سەباح نامیق، بەڕێوەبەری هۆبەی تەندروستی گشتی کەرکووک رایگەیاند: "ژمارەی تووشبووان لە کەرکووک وەک شارەکانی دیکەی عێراق هەڵکشاوە و کۆی گشتی ئەو کەسانەی لە کورکووک تووشی کۆرۆنا بوونە 50 هەزاری تێپەڕاند. داوا لە خەڵک دەکەین خۆیان بپارێزن لە کۆبوونەوە و گردبوونەوە و خۆیان و دەوروبەریان بپارێزن".