مێسی تووشی پێكان بوو

لێدانێكی به‌ر به‌شی خواره‌وه‌ی پشتی كه‌وتووه‌

لیۆنێل مێسی لە یاریی دۆستانەی نێوان هەڵبژاردەکانی ئارجێنتینا و هندۆراس تووشی پێکان بوو، دواتر گەیەنرایە نەخۆشخانە.

لە نیوەی دووەمی یارییەکەی ئارجێنتینا لەوکاتەی سەماکارانی تانگۆ بە گۆڵێک لە پێشەوە بوون، مێسی لێدانێکی بەر بەشی خوارەوەی پشتی کەوت و بە ئازارێکی زۆرەوە یاریگەی بەجێهێشت و ئازارەکانی ئەوەندە زۆر بوون، لیۆ لەسەر کورسی یەدەگیش بە دەست ئازاری پشتییەوە دەیناڵاند و دوای یارییەکە گەیەنرایە نەخۆشخانە و پشکنینی پزیشکی بۆ کرا.

گەرچی هێشتا بەفەرمی راده‌ی پێکانەکەی مێسی رانەگەیەنراوە و تاتا مارتینۆ دوای یارییەکە رایگەیاند پێویستە چاوەڕی بکەن تا ئەنجامی پشکنینە پزیشکییەکان دەردەچێت، بەڵام میدیاکانی ئارجێنتینا بڵاویانکردووەتەوە، سەرەڕای ئەو ئازارە زۆرەی لیۆ بەهۆی پێکانەکەیەوە دەیچێژێت، بەڵام پێکانەکەی سەخت نییە و بۆ یارییەکانی کۆپا ئامێریکا ئامادە دەبێت کە رۆژی هەینی داهاتوو لە ئامێریکا دەستپێدەکات.