له‌ كۆیه‌ ساڵڕۆژى تیرۆركردنى دكتۆر قاسملۆ به‌ڕێوه‌چوو

له‌كاتى ئه‌نجامدانى وتووێژ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانى كۆماری ئیسلامى ئێران له‌ (13ى ته‌مووزى/ یۆلیۆی 1989) له‌ ڤییه‌ننا تیرۆر كراوه‌

(32) ساڵه‌ى تیرۆركردنى دكتۆر عه‌بدولره‌حمان قاسملۆ
(32) ساڵه‌ى تیرۆركردنى دكتۆر عه‌بدولره‌حمان قاسملۆ

K24- هه‌ولێر:

له‌ كۆیه‌، حزبی دیموكراتى کوردستانی ئێران، ساڵڕۆژى (32)مین ساڵه‌ى تیرۆركردنى دكتۆر عه‌بدولره‌حمان قاسملۆی به‌ڕێوەبرد، كه‌ ساڵانێك، بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى مافه‌ ره‌واكانى گەلی كورد، له‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستاندا خه‌باتى كرد.

ئەندامێکی لێژنه‌ى رێكخستنى چالاكییه‌كانی یادى (32)ساڵه‌ى شەهید قاسملۆ، رایگەیاند، شه‌هیدكردنى دكتۆر عه‌بدولره‌حمان قاسملۆ، رێبه‌ری حزبی دیموكراتى كوردستانى ئێران و هاوڕێیانى له‌ ڤییه‌نناى پایته‌ختى نه‌مسا، لەو کاتەدا بوو، کە له‌گه‌ڵ نێردراوانى كۆمارى ئیسلامى ئێران خه‌ریكى گفتوگۆكردن بوون.

ئەو ئەندامەی لێژنه‌ى باڵاى رێكخستنی یادی تیرۆرکردنی قاسملۆ، راشیگەیاند، حزبی دیموكراتى كوردستانى ئێران، له‌ چوارچێوه‌ى كۆمه‌ڵێك سیمناردا، هه‌وڵیداوە، ژیان و به‌سه‌رهاتى دكتۆر قاسملۆ و هاوڕێیانى له‌ رووى دیپلۆماسی و چه‌كدارى و كاری رێكخراوه‌ییه‌وه‌، هه‌ڵبسه‌نگێنن، له‌ماوه‌ى چه‌ند رۆژى رابردوودا، كۆمه‌ڵێك سیمنار ئەنجامدراوە، ئه‌مڕۆش له‌و یاده‌دا ئه‌م سیمناره‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، له‌ رۆژانى داهاتووش، كۆمه‌ڵێك چالاكى دیكه‌ ئامادە کراون.

قاسملۆ، له‌ (22ى كانوونى یه‌كه‌م/ دیسێمبەری1930) له‌ ورمێ، له‌دایك بووه‌، سكرتێری گشتى حزبی دیموكراتى کوردستانی ئێران بوو، له‌كاتى ئه‌نجامدانى وتووێژ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانى كۆماری ئیسلامى ئێران، له‌ (13ى ته‌مووزى/ یۆلیۆی 1989) له‌ ڤییه‌ننا تیرۆر كراوه‌.

ک.ب