فوئاد حوسێن ھۆشداری لە جموجۆڵەكانی داعش دەدات

عێراق خوازیاری بەردەوامی هاوکاری کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە لە شەڕی دژی تیرۆر

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی عێراق ھۆشداری لە جموجۆڵەكانی داعش دەدات و دەڵێت هێشتا هەڕەشەی داعش بوونی هەیە.

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، رایگەیاند "هەڕەشەی داعش لە رووی فکری و رێکخراوەییەوە ھێشتا ماوە، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی بوونی چەكدارانی لە عێراق و سووریا و ڕێکخراوە توندڕوەكانی دیكە کە بەدوای بەزاندنی سنوورەكانەوەن".

ئەم گوتانەی فوئاد حوسێن لەمیانی دیدارێكیدا بوو لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نیكۆلاس دۆریول، كە ھاوكات نوێنەری فەڕەنسایە لە ئەنجوومەنەكە.

وەزیری دەرەوەی عێراق جەختیكردەوە، حکومەتی عێراق خوازیاری بەردەوامی هاوکاری کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە لە شەڕی دژی تیرۆر.