وه‌زیری شاره‌وانی: کابینەی نۆیەم 500 پڕۆژە به گوژمه‌ی زیاتر لە 3 ترلیۆن دینار جێبەجێ دەکات
له‌م دوو ساڵەدا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به ئاڕاسته‌ی باشتركردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان کاری باشی کردووە

K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، له ڕووی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری به هاووڵاتیان، یه‌كێكه له وه‌زاره‌ته گرنگ و فراوانه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، کە ڕۆژانه په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ هاووڵاتیان، هه‌یه.
ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، له‌باره‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌زاره‌ت، بە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند: خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، به‌سه‌ر چوار سێكته‌ردا، دابه‌ش بووه:
یه‌كه‌م: سێكته‌ری شاره‌وانی، بواره‌كانی كۆكردنه‌وه‌ی خۆڵ و خاشاك، شه‌قام و ڕێگه‌وبان، شۆسته‌ی ناو شاره‌كان، ڕووبه‌ری سه‌وزایی و پاركه‌كان و نه‌خشه‌دانانی ئاوه‌دانی، به‌ڕێوه‌بردنی زه‌وی و بواری مۆڵه‌تی بینا و بواری دیكه‌یش، له خۆ ده‌گرێت.
دووه‌م: سێكته‌ری ئاو و ئاوه‌ڕۆ، کە ئه‌ركی دابینكردنی ئاوی خاوێنه، له ڕێگه‌ی ئاوی سه‌رزه‌وی و ژێرزه‌وی و دروستكردنی تۆڕی گه‌یاندنی ئاو و ئاوه‌ڕۆ، بۆ هه‌موو ماڵێك.
سێیه‌م: سێكته‌ری گه‌شتوگوزار، به‌ڕێوه‌بردن و دیاریكردنی خاڵ و شوێنه گه‌شتیارییه‌كان، له سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستان و گه‌یاندنی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌كییه‌كان بۆیان، هاوكات سه‌رپه‌رشتیكردنی شوێنه ئه‌هلییه‌كان، كه ئه‌ویش سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ی داهاتی هه‌رێمی كوردستانه.
چواره‌م: سێكته‌ری شوێنه‌وار، کە ئه‌ركی پاراستن و لێكۆڵینه‌وه و دۆزینه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌كانی كوردستانه، لایه‌نی شوێنه‌وار، یه‌كێك له لایه‌نه بایهخپێدراوهكانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانە، به‌تایبه‌ت پاراستنی شوێنه‌واره‌كان و دروستكردنی مۆزه‌خانه‌ی شیاو.
وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، راشیگەیاند، له‌م دوو ساڵەى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به ئاڕاسته‌ی باشتركردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان و پێشكه‌شكردنی به هاووڵاتییان، کاری باش کراوە، پڕۆژە خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، به‌سه‌ر دوو سێكته‌ردا، دابه‌ش ده‌بن، ئه‌وانیش، خزمه‌تگوزاری ڕۆژانه و به‌رده‌وامه‌كان، پڕۆژە ستراتیژی و گه‌وره‌كان.
ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، روونیکردەوە، سه‌باره‌ت به خزمه‌تگوزارییه ڕۆژانەییەكان، دابینكردنی ئاوی خاوێن، له ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاره، هه‌روه‌ها هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی خاشاك و پاك وخاوێن ڕاگرتنی شار و شارۆچكه و شاره‌دێكان، نۆژە‌نكردنه‌وه و دروستكردنی شه‌قام و شۆسته‌كان، پاكڕاگرتنی سه‌وازیی و پارك و باخچه‌كان و ئاوه‌ڕۆ، ئه‌مانه هه‌موویان ڕۆژانه خه‌رجییه‌كی زۆر له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دروست دەکەن، له به‌رانبه‌ردا، له ڕێی ڕسووماته‌وه كه‌متر لە 5%ـی له هاووڵاتییان وه‌رده‌گیرێته‌وه، کە ڕێژەیەکى زۆر کەمە.
ئاماژەشیپێکرد، له‌ماوه‌ی دوو ساڵی ته‌مه‌نی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تا ئێستا، 265 ملیار دینار، له كۆكردنه‌وه‌ی خاشاك خه‌رج كراوه، واته مانگانه زیاتر له 11 ملیار دینار، بۆ خاوێنكردنه‌وه‌ی شار و شارۆچكه‌كان، خه‌رج ده‌كرێت.
جەختیشیکردەوە، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ساڵانه زیاتر له 311 ملیار دینار، بۆ دابینكردنی ئاوی خاوێن خه‌رج ده‌كات، كه مانگانه زیاتر له 70 ملیۆن سێجا ئاو، دابین ده‌كرێت، ئه‌م ڕێژەیهش زۆر زیاتره له ئاستی ستانداردی جیهانی.
روونیشیکردەوە، به پێی داتاكانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، ته‌نها له ڕۆژێكدا نزیكه‌ی 240 ملیۆن دینار، به هۆی به‌فیڕۆدانی ئاوی خاوێن خەرج دەکرێت، كه ساڵانه نزیكه‌ی 90 ملیار دینار به‌فیڕۆ ده‌چێت.
ساسان عه‌ونی، باسى لەوەش کرد، له ته‌واوی شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان، زیاتر له 1200 پاركی گه‌وره و بچووك هه‌ن، كه به‌رده‌وام پێویستیان به دابینكردنی ئاو و پاكڕاگرتن و پاراستن هه‌یه.
ساسان عه‌ونی، گوتیشی، به‌شێك له پڕۆژە خزمه‌تگوزارییه گه‌وره و ستراتیژییه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م، ئه‌نجامدانی 519، پڕۆژەی گه‌وره و مامناوه‌ند، به گوژمه‌ی 3 ترلیۆن و 340 ملیار، دینارە، كه هه‌ندێكیان ته‌واو بوونه و هه‌ندێكی دیكه‌یشیان له ژێر جێبه‌جێكردندان.
پڕۆژەكان پێكدێن له:
ـ ته‌واوكردنی چه‌ند پڕۆژەیه‌كی ئاو و ئاوه‌ڕۆ له سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه
ـ دواقۆناغی پڕۆژەی شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری له هه‌ولێر
ـ به‌شی یه‌كه‌م له قۆناغی شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری بازنه‌یی له هه‌ولێر
ـ به‌شی یه‌كه‌م له پڕۆژه‌ی شه‌قامی ١٠٠ مه‌تری له سلێمانی
ـ جێبه‌جێكردنی پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی ئاكرێ
ـ واژۆكردنی ٣٢ گرێبه‌ستی تایبه‌ت به كۆكردنه‌وه و گواستنه‌وه و خاوێنكردنه‌وه‌ی شار و شارۆچكه و گونده‌كان
ـ چه‌ندان پڕۆژەی ئاو و كڕینی مه‌وادی پاككه‌ره‌وه و بواره‌كانی دیكه كه سه‌رجه‌میان بۆ خزمه‌تكردنی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بووه.
ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، باسى لەوەشکرد، چاكسازی، له‌ژێر په‌یامی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و چاكسازی ڕیشه‌یی له ڕێی شه‌فافییه‌ت و كاركردن و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و ئاسانكاریكردن بۆ مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتیان، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌مه‌وه كاری ڕژدی كردووه و هه‌موو بوارهكانیشی گرتووه‌ته‌وه، له‌وانه:
ـ كاركردن بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسا په‌یوه‌ندییداره‌كان
ـ گۆڕانكاریی پێویست له سه‌رجه‌م جومگه ئیداری و ناوه‌نده باڵاكان
ـ پێداچوونه‌وه و نوێكردنه‌وه‌ی ماسته‌رپلانی سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كان
ـ پێكهێنانه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نه‌كانی شاره‌وانی
ـ به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی داتا و زانیارییه‌كان
ـ ئه‌نجامدانی كۆنفڕانس بۆ ڕێكخستنه‌وه و زیادكردنی داهاته‌كانی وه‌زاره‌ت
ـ دانانی هێڵی گه‌رمی ڕاسته‌وخۆ بۆ هاووڵاتییان
ـ گۆڕانكاری له په‌یكه‌ری کارگێڕی و ده‌یان ڕێكاری دیكه‌ی چاكسازی
ک.ب