ژنێك له ته‌مه‌نی 94 ساڵیدا جلی سپی بووكێنی له‌به‌رده‌كات
پێشتر رێگه‌ی پێنه‌دراوه بچێته دوكانی جلی بووكێنی
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی "تایمز"ی به‌ریتانی بڵاویكرده‌وه، ژنێكی ئه‌مه‌ریكی ره‌شپێست، به له‌به‌ركردنی جلی بووكێنی خه‌ونه‌كه‌ی خۆی به‌دیهێنا، كه له ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی له ساڵی 1952 به‌هۆی ره‌گه‌زپه‌رستییه‌وه رێگه‌ی نه‌دراوه بچێته دوكانی جلی بووكێنی.
مارسا تاكر، له‌به‌ر ره‌نگی پێستی رێگری لێكراوه بچێته دوكانی جلی بووكێنی، تا بۆ ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی جلێك هه‌ڵبژێرێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و ره‌گه‌زپه‌رستییه‌ی له‌و كاته ئه‌مه‌ریكا په‌یڕه‌و كراوه، بۆیه به‌ناچاری جلێكی شینی له هاوڕێیه‌كی خۆی خواستووه بۆ ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی.
دوای 70 ساڵ، مارسا تاكر، له ته‌مه‌نی 94 ساڵیدا ئه‌و خه‌ونه‌ی به‌دیهێنا و جلی سپی بووكێنی له‌به‌ركرد، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی نه‌وه‌كه‌ی پێیگوتووه، ئێستاش ده‌توانێت ئه‌و ئه‌زموونه تاقی بكاته‌وه، مارسا ئاماژه‌ی به‌وه كرد، "نه‌متوانی جلی بووكێنی له‌به‌ربكه‌م، بۆیه ویستم به‌ر له‌وه‌ی ئه‌و دونیایه به‌جێبهێڵم، جلی بووكێنی له‌به‌ربكه‌م".
مارسا پێشتر یه‌كێك بووه له چالاكوانی بزووتنه‌وه‌ی مافی مه‌ده‌نی، ساڵی 1952 هاوسه‌رگیری كردووه، چوار كوڕ و كچ هه‌یه، له‌گه‌ڵ 11 نه‌وه و 18 نه‌وه‌ی نه‌وه‌ی هه‌یه.
بزووتنه‌وه‌ی مافی مه‌ده‌نی له ئه‌مه‌ریكا له سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆی ئه‌مه‌ریكاوه درووستبووه له‌نێوان ساڵانی 1861- 1865، هه‌رچه‌نده له ساڵی 1868 به یاسا یه‌كسانی له‌نێوان ره‌شپێست و سپیپێستهكانی ئه‌مه‌ریكا جێگیركرا، به‌ڵام له ناو كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ریكی ئه‌و ره‌گه‌زپه‌رستییه هه‌ر به‌رده‌وام بووه و بنڕنهكراوه.
د.ی