ئیبراهیم رەئیسی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی کۆمار لە خامنەیی وەردەگرێت

رەئیسی وەک هەشتەمین سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەکاردەبێت
ئیبراهیم رەئیسی
ئیبراهیم رەئیسی

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ ئیبراهیم رەئیسی، وەک سەرۆک کۆماری نوێی ئێران دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار لە عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئیران وەردەگرێت.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە کاتژمێر 10:30 خولەکی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا لە شاری تاران، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پەسند کردنی ئەنجامەکانی دوایین هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری، ئیبراهیم رەئیسی وەک سەرۆک کۆماری نوێی ئێران دەستنیشان دەکات.

بڕیاریشە رۆژی پێنجشەممە رێوڕەسمی دەستبەکاربوون و سوێندخواردنی وەک سەرۆکی نوێی ئێران، ئیبراهیم رەئیسی، لە پەرلەمان بەڕێوەبچێت و شاندێکی هەرێمی کوردستانیش بەشداری رێوڕەسمەکە دەکات.

ئیبراهیم رەئیسی، تەمەن 60 ساڵ لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی توانی 62٪ دەنگەکان بەدەستبهێنێت و بە هەشتەمین سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵبژێردرا.

رەئیسی، 1960 لە مەشهەد لە دایکبووە و دوو کچی هەیە. ساڵی 1985 بووەتە جێگری داواکاری گشتی تاران. ساڵی  1989 تا 1994 بووەتە سەرۆکی داواکاری گشتی ئێران لە تاران. 1994 تا 2004 بووەتە سەرۆکی دەزگای پشکنین و چاودرێری گشتی. ساڵی 2007 بووەتە ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایان. 2004 تا 2014 بووەتە جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران. ساڵی2014 تا 2016 بووەتە داواکاری گشتی ئێران، ساڵی 2017 خۆی کاندید کرد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران. ساڵی 2019 بووەتە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران.