ئەمەریکا: هێشتا شنگال لەژێر دەستی حەشدی شەعبی و پەکەکە دایە

"لەم رەوشەدا کەس نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان"

دیمەنێکی شنگال - ئەرشیف
دیمەنێکی شنگال - ئەرشیف

K24 – هەولێر

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایدەگەیەنێت، هێشتا شنگال لەژێر دەستی حەشدی شەعبی و پەکەکە دایە.

جۆی هوود، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەمیانەی بەشداریکردنی ڤیدیۆکۆنفرانسێک بەبۆنەی ساڵیادی جینۆسایدی شنگال رایگەیاند "شنگال هێشتا لەژێر دەستی حەشدی شەعبی و پەکەکە دایە، لەم رەوشەدا کەس نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان".

هەروەها ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەمەریکا ئاشکراشی دەکات: "ئەمەریکا ئامادەیە مەشق و راهێنان بە هێزە ئەمنییە لۆکاڵییەکان بکەن، هەر کاتێک ئەو هێزە ئەمنییە پێکهێنرا، بەڵام ئێمە ناتوانین ئەو هێزە پێکبێنین و دەبێ حکومەتی مەرکەزی ئەو کارە بکات".

هاوکات باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق لە راگەیەندراوێکی بۆ حەوتەمین ساڵیادی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال و ئێزدییەکان رایگەیاند "پشتیوانی لە تەواوی قوربانیان و رزگاربووانی تاوانەکانی داعش دەکەین".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "بەریتانیا پشتیوانی لە جێبەجێکردنی یاسای رزگاربووان دەکات، کە لەو رێگەیەوە قەرەبووی پێویستی ئێزدی، شەبەک، کریستیان و تورکمانەکان دەکرێتەوە"

ئاماژەی بەوەشداوە "پێویستە هەمووان بەیەکەوە کار بۆ گەڕانەوەی شکۆمەندانەی خەڵک بۆ ناوچەکانیان بکەین".

ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ ساڵیادی هێرشی داعشە بۆ سەر شنگال، کە لە 3/8/2014 پەلاماری ئێزدییەکانی دا و شنگال و دەوروبەری داگیرکرد و کۆمەڵکوژی ئەنجامدا، دەیان هاووڵاتی شنگالیشی رفاند کە تائێستا ژمارەیەکیان بێسەروشوێنن.