قائیمقامی ناوه‌ندی هه‌ولێر: بار‌و دۆخه‌كه مه‌ترسیداره و رێكاره‌كان تووند ده‌كرێنه‌وه
هه‌ر هاووڵاتییه‌ك ماسك به‌كار نه‌هێنێت به بڕی 20 هه‌زار دینار سزا ده‌درێت
K24 - هه‌ولێر:
له هه‌ولێر، رێكاره‌كانی خۆپارێزی تووندتر ده‌كرێنه‌وه، لێژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت له نێو شاردا، چاودێری بارودۆخه ده‌كه‌ن، له‌مباره‌یه‌وه، نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قائیمقامی قه‌زای ناوه‌ند، بۆ كوردستان 24، رایگه‌یاند، بارودۆخه‌كه مه‌ترسیداره، ده‌توانین بڵێین جێگا له نه‌خۆشخانه‌كاندا نه‌ماوه، ژماره‌ی تووشبوون و مردووان، رۆژانه زیاد ده‌كات.
راشیگه‌یاند، داوا له‌هاووڵاتیان ده‌كه‌ین، پابه‌ند بن به رێكاره‌كانی خۆپارێزی، ته‌واوی ئه‌و لێژنه و لایه‌نانه‌ی كه راسپێردراون، به‌تایبه‌ت لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت، رۆژانه سه‌رقاڵی جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێنماییانه‌ن، كه ژووری ئۆپه‌ڕاسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر، بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، ده‌ریكردووه.
روونیشیكرده‌وه، تا ئێستا (37) شوێن، به‌هۆی پابه‌ند نه‌بوونیان، داخراون، نیگه‌رانین له‌وه‌ش كه به‌شێك له هاووڵاتیان، پابه‌ندی رێنماییه‌كان نین، ژیانی ده‌وروبه‌ریان ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه، به‌گوێره‌ی راسپارده‌كانی ژووری ئۆپه‌ڕاسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر، رێكاره‌كان تووندتر، ده‌كه‌ینه‌وه.
ئاماژه‌شیپێكرد، هه‌ر هاووڵاتییه‌ك ماسك به‌كار نه‌هێنێت، به بڕی (20) هه‌زار دینار، سزا ده‌درێت، شوێنیش هه‌یه، به بڕی (2) ملیۆن دینار، یاخوود (5) ملیۆن دینار، سزا دراون.
ك.ب