35 ساڵ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵكوژی هاووڵاتیانی هه‌ورامان و شاره‌زوور تێده‌په‌ڕێت
تۆپخانه‌كانی ئێران به شێوه‌ی نیمچه رۆژانه تۆپبارانی ده‌شتی شاره‌زوور و ئاواییه‌كانیان ده‌كرد.
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ (6ی ئاب/ ئۆگستی 2021)، خه‌ڵكی شاره‌زوور و هه‌ڵه‌بجه و هه‌ورامان یادی كاره‌ساتی سووتانی بیناكه‌ی سیروان ده‌كه‌نه‌وه، كه له ئاكامیدا زیاتر له 200 منداڵ و ژن شه‌هید بوون و سه‌دانی دیكه بریندار بوون.
35 ساڵ به‌ر له ئه‌مڕۆ و رۆژی (6ی ئاب/ ئۆگستی 1986)، له گه‌رمه‌ی شه‌ڕی عێراق و ئێران‌دا، تۆپخانه‌كانی ئێران به شێوه‌ی نیمچه رۆژانه تۆپبارانی ده‌شتی شاره‌زوور و ئاواییه‌كانیان ده‌كرد.
ئه‌و رۆژه‌ی كاره‌ساته‌كه روویدا، له به‌ره‌به‌یانه‌وه تۆپخانه‌كانی ئێران تۆپبارانی شاره‌دێی سیروانیان ده‌كرد، كه دانیشتوانه‌كه‌ی هه‌موو ئه‌و خێزانانه بوون، له كۆتایی حه‌فتاكان و سه‌ره‌تای هه‌شتاكان رژێمی به‌عس گونده‌كانی وێران كردبوون و رایگواستبوون بۆ سیروان.
به هۆی چڕی تۆپبارانه‌كه‌وه، ژنان و منداڵان له ماڵه‌كانیان رایانكردبوو و خۆیان له‌و بینایانه حه‌شار دابوو، كه له به‌رد درووستكرابوون و چه‌ند نهۆمێك بوون و خه‌ڵك بڕوای وابوو، ئه‌وان پارێزراوترن له شوێنه‌كانی دیكه و به‌رگه‌ی تۆپ ده‌گرن.
به‌و هۆیه‌وه سه‌دان خێزان به گه‌وره و بچووكه‌وه چووبوونه ئه‌و بینایانه‌وه.
له ئاكامی به‌ركه‌وتنی تۆپێكی ئێران، به‌شێكی بیناكان، كه وه‌ك كۆگای سووته‌مه‌نی و ئاڵف به‌كارهاتبوون، ئاگریان گرت و به‌و هۆیه‌وه 200 منداڵ و ئافره‌ت سووتان و شه‌هیدبوون و زیاتر له 150 هاووڵاتی دیكه بریندار بوون.
ناحیه‌ی سیروان، سه‌ر به پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌یه، ته‌نیا هه‌شت كیلۆمه‌تر له باكووری خۆرئاوای هه‌ڵه‌بجه‌وه هه‌ڵكه‌وتووه و له ساڵی 1957 له رووی ئیدارییه‌وه بووه‌ته ناحیه. له 1979 كاتێك به‌عس گونده‌كانی هه‌ورامانی راگواست، زۆرینه‌ی ره‌های خه‌ڵكی هه‌ورامانی له‌و ناحیه‌یه كۆكرده‌وه و كۆمه‌ڵگه‌ی زۆره‌ملێی دامه‌زراند.
كاروباری سه‌ره‌كی هاووڵاتیانی دانیشتووی ناوچه‌كه كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری بووه و له 1988دا ژماره‌ی دانیشتوانی ناحیه‌كه 9072 كه‌س بووه.
خه‌ڵكی دانیشتووی سیروان له (13ی ئایار/ مایۆی 1987) دژی رژێمی به‌عس راپه‌ڕین و ناحیه‌كه‌یان رزگار كرد، دواتر سوپای عێراق به هاوكاری فه‌وجه‌كانی جاش، به تانك و تۆپ ناوچه‌كه‌ی داگیركرده‌وه و به‌شێكی زۆری خه‌ڵكه‌كه‌ی ئاواره‌ی ئێران بوون.
له (16ی ئازار/ مارسی 1988)، ناوچه‌كه هاوشێوه‌ی هه‌ڵبجه كیمیاییباران كرا و زۆرینه‌ی ره‌های دانیشتوانه‌كه‌ی شه‌هید و بریندار بوون.
دوای راپه‌ڕینی (ئازار/ مارسی 1991)، جارێكی دیكه خه‌ڵكی ناوچه‌كه سیروانیان ئاوه‌دانكردووه‌ته‌وه.