نرخی زێڕ بۆ کەمترین ئاستی مانگی رابردووی دابەزی

بڵاوبوونەوەی داتاکانی کاری ئەمەریکا نرخی زێڕی دابەزاند

زێڕ - بازاڕی ھەولێر
زێڕ - بازاڕی ھەولێر

K24 - هەولێر

لە دوایین مامەڵەکانی رۆژی هەینیدا نرخی زێڕ بۆ کەمترین ئاستی مانگی رابردووی دابەزی، هۆکاری سەرەکی ئەو دابەزینەش پێشبینییە بەهێزەکانە بەوەی یەدەگی بانکی فیدراڵی زووتر دەستدەکان بە کەمکردنەوەی هاوکاری ئابووری.

نرخی زێڕ لە مامەڵە خێراکاندا بە رێژەی 2.2٪ بۆ 1764.59 دۆلار بۆ هەر ئۆنسێک دابەزی، هەروەها لە گرێبەستەکانی داهاتووشی بە رێژەی 2.4٪ بۆ 1765.70 دۆلار بۆ هەر ئۆنسێک دابەزی.

دوای بڵاوبوونەوەی داتای کاری ئەمەریکا نرخی زێڕ ئاراستەی دابەزینی وەرگرت، کە 943 هەزار کەس لە مانگی رابردوودا گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان و رێژەی بێکاری لە وڵاتەکە بۆ 5.4٪ دابەزیوە، هەروەها نرخی کرێی مانگانە بە رێژەی 0.4٪ بەرزبووەتەوە.

لەو بارەیەوە شارەزایەکی گەورە بازاڕی ئۆواندا دەڵێت، زۆرینە ئەو دەرفەتی کارانەی رەخسێندراوە لە کەرتەکانی خۆشگوزەرانی و پێشوازی بووە کە کرێکانیان کەمە بە هەڵاوسان ئەژمارناکرێت، بۆیە خواست بۆ زێڕ کەم دەبێت کە وەک پەناگەیەکی ئارام بەکاردەهێندرێت.

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بەمشێوەیەیە:

مسقاڵێك زێڕی عەیار (24) بە 420000 دیناری عێراقی

مسقاڵێك زێڕی عەیار (21) بە 370000 دیناری عێراقی

مسقاڵێك زێڕی عەیار (18) بە 315000 دیناری عێراقی