حكومه‌تی نوێی سووریا پێكهێنراو و هیچ كوردێكی تێدا نییه
به‌شار ئه‌سه‌د به‌ر له هه‌ڵبژاردن به‌ڵێنی دابوو پێكهاته‌كانی سووریا له كابینه‌ی نوێ‌دا به‌شداری پێبكات
K24 - هه‌ولێر:
پێكهێنانی حكومه‌تی سووریا به مه‌رسوومێكی كۆماری ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (10ی ئاب/ ئۆگه‌ستی 2021) راگه‌یندرا، كه هه‌مان كابینه‌كه‌ی پێشووه، جگه له گۆڕینی 3 وه‌زیر، گۆڕانكارییه‌كانیش وه‌زاره‌تی راگه‌یاندن و دوو وه‌زیری ده‌وڵه‌ته، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ كوردێك له كابینه‌كه‌دا به‌شداری پێبكرێت.
دیارترین ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له كابینه‌كه نوێیه‌كه‌ی حكومه‌تی سووریادا كراوه، گۆڕینی وه‌زیری راگه‌یاندنه، دوو وه‌زیری ده‌وڵه‌تیش دیاریكراوه، یه‌كێكیان به‌ربژێرێكی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تییه به ناوی "عه‌بدوڵڵا سه‌لوم عه‌بدوڵڵا" به وه‌زیری ده‌وڵه‌ت ده‌ستنیشانكراوه، پێشتریش وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بووه بۆ كاروباری ئه‌نجومه‌نی گه‌ل له ساڵی 2016 تا 2020.
هه‌رچه‌نده چه‌ند وه‌زیرێك گۆڕاون، به‌ڵام له وه‌زاره‌تی دیكه‌وه جێگۆڕكێیان پێكراوه و هه‌مان وه‌زیره‌كانی پێشوو له كابینه نوێیه‌كه‌دا ماون.
به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆك كۆماری سووریا به‌ر له هه‌ڵبژاردن ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو، كه له كابینه‌ی نوێ‌دا پێكهاته‌كانی سووریا به‌شداری پێده‌كات، به‌ڵام له‌و كابینهشهیدا هیچ كوردێك له حكومه‌تی سووریادا به‌شداری پێنه‌كراوه.
د.ی