له‌م وڵاته ئه‌گه‌ر داوای ئینته‌رنێت بكه‌ی ده‌بێت سوێند به قورئان بخۆی
سه‌یر و سه‌مه‌ری سه‌رده‌م لێره‌یه
K24 - هه‌ولێر:
وڵاتی توركمانستان، كه دراوسێی وڵاتانی ئێران و ئه‌فغانستانه له باشوور، له رۆژهه‌ڵات و باكووریش هاوسنووره له‌گه‌ڵ ئۆزبه‌كستان كازاخستان له رۆژئاواوه ده‌كه‌وێته سه‌ر ده‌ریا قه‌زوین، له سه‌رده‌می ئێستا بووه‌ته جێگه‌ی سه‌رنج، به‌هۆی بڕیاره تونده‌كانی به‌رامبه‌ر به هاووڵاتیان.
دانیشتووانی ئه‌و وڵاته له راستیدا نزیكه‌ی 3 ملیۆن كه‌سه، به‌ڵام به گوێره‌ی تۆماری فه‌رمی حكومه‌تی ئه‌و وڵاته، پێداگرن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه دانیشتووانه‌كه‌ی 6 ملیۆن و 200 هه‌زار كه‌سه، رووبه‌ره‌كه‌ی 491 هه‌زار كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه و تا ئێستاش دان به بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنادا نانێت.
به گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی تایمزی به‌ریتانی، یه‌كێكی دیكه له شته سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كانی ئه‌و وڵاته ئه‌وه‌یه، كه هه‌ر كه‌سێك داوای خزمه‌تگوزاری ئینته‌رنێت بكات بۆ ماڵه‌وه، ده‌بێت سوێند به قورئان بخوات كه به‌رنامه‌ی VPN به‌كارناهێنێت، كه به گشتی بۆ كردنه‌وه‌ی وێبسایته قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان به‌كارده‌هێنرێت.
به گوێره‌ی رۆژنامه به‌ریتانییه‌كه، تویته‌ر و فه‌یسبووك دوو تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی قه‌ده‌غه‌كراون له‌و وڵاته و ناكرێنه‌وه، به‌شێكی زۆریش له سایت و پێگه ئه‌لیكترۆنییه‌كان ناكرێنه‌وه، جگه له وانه‌ی دامه‌زراوه‌ی "ئه‌منی دیجیتاڵی" رێگه‌ی به كردنه‌وه‌یان داوه.
وه‌ك رۆژنامه‌كه باسیكردووه، "ئه‌منی دیجیتاڵی" دژی به‌كارهێنانی ئه‌پ و به‌رنامه‌ی ڤی پی ئێنه، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه به شێوه‌یه‌كی بنه‌بڕ چاره‌ی بكه‌ن، جگه له سوێند خواردن به قورئان.
به گوێره‌ی وێبسایتێكی ئۆپۆزیسیۆنی ئه‌و وڵاته، هاووڵاتییه‌ك داوای خزمه‌تگوزاری ئینته‌رنێتی كردووه، سه‌ره‌ڕای واژۆكردنی ژماره‌یه‌كی زۆر نووسراو و عه‌ریزه، دوای ساڵێك و نیو خزمه‌تگوزارییه‌كه گه‌یشتووه‌ته ماڵه‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ ئێوه‌ش سوێندیان پێ خواردووه به قورئانی پیرۆز، كه ڤی پی ئێن به‌كارناهێنێت.