لە سۆران "پیاوێک هاوسەرەکەی لە خانوو فڕێ دەداتە خوارەوە"
تائێستا پیاوەکە دەستگیر نەکراوە
K24 – هەولێر
لە یەکێک لە گەڕەکەکانی قەزای سۆران، دوو هاوسەر دەبێتە دەمەقاڵەیان و پیاوەکە، ژنەکەی لە خانوو فڕێدەداتە خوارەوە، ژنەکە تائێستا بێهۆشە و هاوسەرەکەشی دەستگیر نەکراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ی راگەیاند: "رۆژی دووشەممەی 9/8/2021، رابردوو لە گەڕەکی شەهیدانی سۆران، پیاوێک هەڕەشە لە ژنەکەی دەکات و دەیەوێت لێی بدات، ژنەکەش لە ترسان رادەکاتە سەر بانەکەیان لەوێ پیاوەکەی پاڵی پێوە دەنێت و فڕێدەداتە خوارەوە و تا ئێستا ژنەکە بێهۆشەوە".
شێروان خالید، گوتەبێژی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سۆران بە کوردستان24ی گوت: "لەسەر ئەو رووداوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە لای ئێمە کراوەتەوە، بەڵام چونکە ژنەکە بێهۆشە نەتوانراوە گوتەی وەربگیرێت، بەڵام بە گوتەی باوکی کچەکە هاوسەرەکەی لە خانووی فڕێداوەتە خوارەوە، لە بەرامبەردا باوکی کوڕەکە دەڵێ "بوکەکەم لە خەفەتی هاوسەرەکەی خۆی لە خانوو فڕێداوە".
گوتیشی: "ئەو کاتەی کە رووداوەکە بووە خەزوورەکەی و خوشکی پیاوەکەی، بووکەکەیان گەیاندووەتە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سۆران، دواتر رەوانەی نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی هەولێر کراوە و بە گوتەی کەسوکاری باری تەندروستی ناجێگیرە و دکتۆر ماوەی 72 کاتژمێری بۆ داناوە".
ژنەکە بەناوی ئیمان نەبەز تاهیر، ماوەی 7 ساڵە ژیانی هاوسەرئ لەگەڵ ئەو پیاوە پێکهێناوە، بەگوتەی کەسێکی نزیک لەو خێزانە چەند جارێکی دیکە لەلایەن پیاوەکەی لێیدراوە.
گوتەبێژی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سۆران، ئاماژەی بەوەکرد: "کەسوکاری ژنەکە سکاڵایان تۆمار کردووە، بەڵام تا گوتەی ژنەکە وەرنەگیرێت، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ پیاوەکەی دەرناکرێت".