بۆ بنڕكردنی كێشه‌ی كه‌م ئاوی پڕۆژه‌یه‌كی دیكه له‌سه‌ر زێی گه‌وره جێبه‌جێ ده‌كه‌ین
جێگری پارێزگاری هه‌ولێر: به‌شێوه‌یه‌كی كاتی بیر لێده‌درێت و دوای ته‌واو بوونی پڕۆژه‌ی ئیفراز 4 پێویستمان به بیره‌كان نامێنێت
K24 - هه‌ولێر:
مه‌سعود كاڕه‌ش، جێگری پارێزگاری هه‌ولێر بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، كێشه‌ی كه‌م ئاوی تاڕاده‌یه‌ك چاره‌سه‌ر كراوه، به‌ڵام بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه به شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی، پڕۆژه‌یه‌كی دیكه له‌سه‌ر زێی گه‌وره ئه‌نجام ده‌ده‌ین و پشت به ئاوی سه‌ر زه‌وی ده‌به‌ستین له بری ئاوی ژێرزه‌وی.
مه‌سعود كاڕه‌ش گوتی: له‌سه‌ره‌تای درووستبوونی وشكه ساڵی، چه‌ند بیرێكی ئاو له شاری هه‌ولێری وشكی كرد، وشكبوونی بیره‌كانیش دیارده‌یه‌كی سرووشتییه و ئاستی داینهمیكی ئاوی بیره‌كان به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زی و زوو ئه‌مه له رێگه‌ی لیژنه‌كانمانه‌وه چاره‌سه‌ر كرا".
گوتیشی: "لیژنه‌یه‌ك له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاره‌بای هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر پێكهات، توانیان تاڕاده‌یه‌ك كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام كێشه‌ی كه‌م ئاوی كاتێك سه‌ریهه‌ڵدا، كه لێڵی ئاوی ئیفرازی زیادی كرد، پڕۆژه‌ی ئاوی ئیفرازی 1 و 2 و 3 به‌ته‌واوتی بۆ ماوه‌یه‌ك له‌كاركه‌وت".
جێگری پارێزگاری هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه كرد، به وه‌ستانی ئاوی ئیفراز، كه نزیكه‌ی 60%ی ئاوی هه‌ولێر دابین ده‌كات، كێشه‌ی كه‌م ئاوی له شاری هه‌ولێر درووست بوو، نه‌ك به‌هۆی بیره‌كانه‌وه، كه ئاوی ئیفراز بڕا، بیره‌كان نه‌یانتوانی قه‌ره‌بووی ئاوی ئیفراز بكه‌نه‌وه، له هه‌ندێك گه‌ڕه‌كی شاری هه‌ولێر دابینكردنی ئاوی خواردنه‌وه، ته‌نیا له رێگه‌ی ئاوی ئیفرازه، بۆیه كێشه‌كه چه‌ند رۆژێك به‌رده‌وام بوو.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، له هه‌ندێك شوێنی هه‌ولێر دابینكردنی ئاوی خواردنه‌وه، له رێگه‌ی بیر و ئاوی ئیفرازه به‌یه‌كه‌وه، ئه‌وانیش تووشی كێشه‌ی كه‌م ئاوی ببوون، به‌ڵام ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی ته‌نیا پشت به بیری ئاو ده‌به‌ستن، كێشه‌كه‌ی ئاویان كه‌متر بووه.
مه‌سعود كاڕه‌ش روونیكرده‌وه، ده‌زگای خێرخوازی بارزانی، كه رۆژانه یه‌ك ملیۆن و نیو لیتر ئاوی له شاری هه‌ولێر دابه‌ش ده‌كرد، هه‌ندێكجار له‌و رێژه‌یه‌ش زۆرتر بووه، ئه‌مه هاوكارییه‌كی باشی خه‌ڵكه‌كه‌ی كرد، تا كێشه‌ی كه‌م ئاوییان چاره‌سه‌ر ببێت.
روونیشكرده‌وه، یه‌كێك له به‌رنامه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م، به‌كارهێنانی ئاوی سه‌ر زه‌وییه، بۆیه ئێمه لێدانی بیری ئاو به چاره‌سه‌رێكی كاتی ده‌بینین، به‌ڵام بۆ بنبڕكردنی كێشه‌ی كه‌م ئاوی، پڕۆژه‌یه‌كی دیكه له‌سه‌ر زێی گه‌وره ئه‌نجام ده‌ده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی چیدیكه كێشه‌ی كه‌م ئاوی له شاری هه‌ولێر سه‌رهه‌ڵنه‌داته‌وه.
سه‌باره‌ت به كێشه‌ی گرانبوونی نرخی به‌نزین، جێگری پارێزگاری هه‌ولێر جه‌ختی كرده‌وه، ئێمه پشت به‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كان ده‌به‌ستین، گرانبوونی نرخی به‌نزینیش ته‌نیا له شاری هه‌ولێر نییه، به‌ڵكو ئه‌مه هه‌موو هه‌رێمی كوردستانی گرتووه‌ته‌وه، بۆیه ئێمه به‌گوێره‌ی ئه‌و راگهیندراوهكهی وه‌زاره‌تی سامانه سرووستییهكان پێشبینی ده‌كه‌ین، نرخی به‌نزین نزم ببێته‌وه.
د.ی