ئاسایشی هه‌ولێر ورده‌كاری لەبارەی تاوانی کوشتنی مو‌سا باباخانی بڵاوده‌كاته‌وه
گومانلێكراوی سه‌ره‌كی ئاشكرا بووه و گوته‌ی شاهێدحاڵه‌كانیش بڵاو ده‌كاته‌وه
K24- هه‌ولێر:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی تاوانی کوشتنی مو‌سا باباخانی، كه خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه، بڵاوكرده‌وه، كه به‌ر له هه‌فته‌یه‌ك له یه‌كێك له هوتێله‌كانی شاری هه‌ولێر كوژرا.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه، "له رێكه‌وتی 7ی ئابی 2021 له شاری هه‌ولێر، تاوانی كوشتنی (مو‌سا باباخانی) كه خه‌ڵكی كرماشانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه، له یه‌كێك له هوتێله‌كان راگه‌یه‌ندرا، دوای لێكۆڵینه‌وه له ژماره‌یه‌ك گومان‌لێكراو و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری پێویست له‌سه‌ر ئه‌و تاوانه، ده‌ركه‌وت كه گومانلێكراوی سه‌ره‌كی كه‌سێكه به‌ناوی (سه‌رمه‌د داود عه‌بد عه‌لی) ناسراو به سامان ئیلامی".
راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه، "ماوه‌ی ساڵێك و چوار مانگه سه‌رمه‌د له هوتێلی گوڵی سلێمانی له شاری هه‌ولێر به‌ناوی بازرگانییه‌وه نیشته‌جێیه و په‌یوه‌ندی دۆستایه‌تیی له‌گه‌ڵ تاوانلێكراو (مو‌سا باباخانی) هه‌بووه و به‌رده‌وام به‌یه‌كه‌وه بوون و هاتووچۆی گه‌رم له‌نێوانیاندا هه‌بووه".
ئاسایشی هه‌ولێر جه‌ختیشی كرده‌وه، "له رێكه‌وتی 5/8/2021 گومان‌لێكراو (سه‌رمه‌د) به تاكسی له گوندی (گرده‌چاڵ)ی سه‌ر به شاره‌دێی به‌حركه چووه‌ته لای (مو‌سا باباخانی) و به‌یه‌كه‌وه هاتوونه‌ته ناو شاری هه‌ولێر و كاتژمێر (10:00)ی شه‌و به‌یه‌كه‌وه چوونه‌ته ژووره‌كه‌ی سه‌رمه‌د له هوتێل گوڵی سلێمانی. دوای چه‌ند ساتێك له هوتێله‌كه دێنه خواره‌وه و پیاسه‌یه‌كی ناو بازاڕ ده‌كه‌ن، ئینجا دووباره به‌یه‌كه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه هه‌مان هوتێل. له كاتژمێر 3:00ی به‌ره‌به‌یان له رێكه‌وتی (6/8/2021) گومان‌لێكراو (سه‌رمه‌د) به ته‌نها له ژووره‌كه‌ی دێته ده‌ره‌وه و هوتێله‌كه جێ ده‌هێڵێت و ته‌له‌فۆنێك ده‌كات، تاكسیه‌ك به‌دوایدا دێت و به‌ڕێده‌كه‌وێت بۆ شاری خانه‌قین و له‌وێشه‌وه ده‌چێته‌وه بۆ ئێران".
ئاشكراشیكردووه، "به‌گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان، تا ئاشكرابوونی تاوانه‌كه له‌لایه‌ن كارگێڕی هوتێله‌كه‌وه له رێكه‌وتی 7/8/2021، هیچ كه‌سێك نه‌چووه‌ته ژووری سه‌رمه‌د".
هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، "په‌ڕاوی یاسایی بۆ تاوانه‌كه كراوه‌ته‌وه و فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ گومانلێكراوی سه‌ره‌كی تاوانه‌كه (سه‌رمه‌د داود عه‌بد عه‌لی) ده‌رچووه، كه رایكردووه و به‌دواداچوون بۆ ده‌ستگیركردنی به‌رده‌وامه و لێكۆڵینه‌وه‌ش له رووداوه‌كه به‌رده‌وام ده‌بێت و له هه‌ر پێشڤه‌چوونێك رای گشتی ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه و دانیشتوانی هه‌ولێر دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه، كه وه‌ك هه‌میشه دامه‌زراوه ئه‌منییه‌كان به‌چاوكراوه‌یی ده‌مێننه‌وه بۆ پاراستنی سه‌ر و ماڵی هاووڵاتییان".
له‌م گرته ڤیدیۆیه‌دا كه له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێره‌وه له‌وباره‌یه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه، گوته‌ی دوو له شاهێدحاڵه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه، كه هه‌ردووكیان شۆفێری تاكسین و یه‌كیكیان گومانلێكراوه‌كه‌یان له شاری هه‌ولێروه گواستووه‌ته‌وه بۆ خانه‌قین، كه دواتر له‌وێشه‌وه چووه‌ته‌وه وڵاتی ئێران.