له سلێمانی پێشمه‌رگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی رۆژهه‌ڵات چوار مانگه ده‌ستگیر كراوه
له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له به‌رپرسانی ئه‌منی سلێمانی قسه‌ی كردووه، به‌ڵام هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بووه
K24 - هەولێر:
عه‌لی به‌نه‌فشی، باوكی پێشمه‌رگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردی رۆژهه‌ڵاته، كه نزیكه‌ی چوار مانگه له سلێمانی گیراوه، رایده‌گه‌یه‌نێت، كوڕه‌كه‌ی له (13 ی نیسان/ ئه‌پریل) ی ئه‌مساڵ، له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی سلێمانی ده‌ستگیركراوه و تا ئێستاش نازانین چاره‌نووسی چییه.
عه‌لی به نهفهشی، له باره‌ی چاره‌نووسی كوڕه‌كه‌ی، كه ناوی سمكۆ به نهفهشییه، روونی ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌ی تا ئێستا زانراوه ئه‌وه‌یه كه كۆمه‌ڵه له به‌یاننامه‌یه‌كدا، تۆمه‌تی سیخوڕی داوه‌ته پاڵ كوڕه‌كه‌م و به‌و تۆمه‌ته‌ش ده‌ستگیركراوه، به‌ڵام هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیان نییه بۆ ئه‌وه‌ی تۆمه‌ته‌كه به‌سه‌ر كوڕه‌كه‌مدا ساخ ببێته‌وه.
روونیشیكرده‌وه، له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له به‌رپرسانی ئه‌منی سلێمانی قسه‌ی كردووه، به‌ڵام هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بووه، چونكه تا ئێستا به‌ڵگه‌یه‌ك نییه بۆ ئه‌وه‌ی سمكۆ به سیخوڕ له‌قه‌ڵه‌م بدرێت.
وه‌ك باوكی سمكۆ ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، ماوه‌ی چوار مانگ پێش ئێستا له سه‌ر رێگه‌ی تانجه‌ڕۆ، له‌لایه‌ن هێزێكی ئه‌منی ده‌ستگیركراوه، له‌و كاته‌وه‌ش به دواداچوون بۆ كه‌یسی كوڕه‌كه‌ی ده‌كات، به‌ڵام هیچ ئه‌نجامێكی نییه.
داواش كۆمه‌ڵه و لایه‌نه ئه‌منییه‌كان ده‌كات، له‌و كه‌یسه‌دا هاوكاری بكه‌ن و بتوانێت به‌لای كه‌مه‌وه كوڕه‌كه‌ی ببینێت و به‌ڵگه‌ی ته‌واو بخرێته‌ڕوو كه كوڕه‌كه‌ی له‌سه‌ر چی گیراوه.
باوكی سمكۆ، داوا ده‌كات، چاره‌نووسی كوڕه‌كه‌ی روون بكه‌نه‌وه، چونكه ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ئاڕاسته‌ی كراون، راست نین.
ك.ب