شاره‌وانی هه‌ولێر پرسی رێگه‌پێدانی دروستكردنی خانوو له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانی هه‌شتی حه‌سارۆك تاوتوێ ده‌كات
فه‌رمانگه په‌یوه‌ندیداره‌كان، كۆتا ڕاپۆرتیان له‌باره‌ى چۆنیه‌تى ڕێگه‌پێدان و گه‌یاندنى خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كان پێشكه‌ش كرد
K24 - هەولێر:
راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر، له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌لایه‌تی فه‌یس بووك رایگه‌یاند، دوای ئەوەی بەڕێز مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، بەشێوەیەكی مەیدانی سەردانی زەوییەکانی كه‌رتى 8ی حەسارۆکی لە شاری هەولێر كرد و وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و پارێزگاى هه‌ولێری ڕاسپاردن بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى زه‌وییه‌كان و گەیاندنی خزمەتگوزاری، دواى نیوەڕۆی ئەمڕۆ یه‌كشەممە، بە سه‌رپه‌رشتى وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر، له دیوانى پارێزگا، له درێژه‌ى كۆبوونهوەكان، کۆبوونەوەیەکی دیكەی تایبەت بە ڕێگه‌پێدان و گه‌یاندنى خزمەتگوزارییە سه‌ره‌تاییه‌کان بۆ کەرتی 8ى حەسارۆک بەڕێوەچوو.
راشیگه‌یاند، لە کۆبوونەوەکەدا كە به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ئاو و ئاوه‌ڕۆ و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى پلاندانان و به‌دواداچوون له وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار، هەروەها هەردوو جێگرانى پارێزگار و سه‌رۆكى شاره‌وانیی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌رى ئاو و ئاوه‌ڕۆى هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌وانیى چوار، ئاماده‌ی بوون، بە وردی تاوتوێى ڕاسپارده و بڕیاره‌كانى كۆبوونه‌وه‌كانى ڕابردوو و چۆنیه‌تى ڕێگه‌پێدان و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بە كەرتی هەشتی حەسارۆك گفتوگۆى له‌باره‌وه كرا.
روونیشیكرده‌وه، فه‌رمانگه په‌یوه‌ندیداره‌كان، كۆتا ڕاپۆرتیان له‌باره‌ى چۆنیه‌تى ڕێگه‌پێدان و گه‌یاندنى خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كان پێشكه‌ش كرد و هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامیان ده‌بێت به ئاڕاسته‌ى هه‌نگاوى كردارى بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بۆ كەرتی 8ی حەسارۆك لە شاری هەولێر.
ك.ب