بەریتانیا داوا لە ئەمەریکا دەکات کشانەوە لە ئەفغانستان دوابخات
تاڵیبان: کۆتایی ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ کشانەوەی ئەمەریکا
K24 - هەولێر
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بەنیازە داوا لە سەرۆکی ئەمەریکا بکات، کشانەوەی یەکجاری لە ئەفغانستان دوابخات و بزووتنەوەی تاڵیبانیش مانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان بە هێڵی سوور ناودەبات.
رۆژنامەی تەلیگرافی بەریتانی ئاشکرای کرد، بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بەنیازە داوا لە سەرۆکی ئەمەریکا بکات، وادەی کشانەوەی یەکجاری سەربازەکانی لە ئەفغانستان دوابخات.
بەگوێرەی هەواڵی رۆژنامەکە، داواکارییەکی دیکەی جۆنسن لە بایدن ئەوەیە، کە گەشتە ئاسمانییەکانی گواستنەوەی خەڵک لە فڕۆکەخانەی کابول بەردەوام بێت.
لای خۆیەوە گوتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان رایگەیاندووە، 31ی ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ مانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، دوای ئەو کاتە، بوونی ئەمەریکا لە ئەفغانستان هێڵی سوورە و هەر شتێک رووبدات بەرپرسیاریەتەکەی لە ئەستۆی ئەمەریکا خۆیەتی، بە مانای درێژکردنەوەی داگیرکاری دێت.
جەختیش دەکاتەوە رێگە نادەن دوای 31ی ئەم مانگە پرۆسەی گواستنەوەی خەڵکی ئەفغانستان بەردەوام بێت.