ئهمڕۆ پاڕائۆڵمپیكی تۆكیۆ به بهشداریی پاڵهوانێكی كورد دهستیپێكرد
لە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن مەراسیمی کردنەوەی پارائۆڵمپیکی 2020 بەڕێوەچوو، کە دەبێتە شازدەمین خولی یارییەکانی پارائۆڵمپیک.
لە دەستپێکی مەراسیمەکە ئاڵای ژاپۆن بەرز کرایەوە و سوێندی پارائۆڵمپیک خوێنرایەوە، کە جاری دووەمە لە مێژوودا تۆکیۆ میوانداری یارییەکانی پارائۆڵمپیک دەکات، کە پێشتر لە ساڵی 1964 تۆکیۆ بۆ یەکەمجار میوانداری یارییەکانی کرد، کە هەر لەو ساڵەدا میوانداری یارییەکانی ئۆڵمپیکیشی کرد.
دواتر بە چەن نمایشێکی هونەری سەرنجراکێش درێژە بە مەراسیمەکە درا و زۆرینەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان تێیدا بەشداربوون، پارائۆڵمپیک تایبەتە بەو وەرزشوانانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن و بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1960 بەڕێوەچوو،
جیاواز لە ئۆڵمپیک ژامرەی یارییەکانی پارائۆڵمپیک کەمترن و وەرزشوانان لە 22 یاریی رکابەری لەسەر 540 مێدالیای جۆراوجۆر دەکەن، زۆترین رکابەریش ە یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدان دەبێت کە لەم یارییە 197 مێدالیای رەنگاورەنگ بەسەر وەرزشوانان و پاڵەوانەکان دابەش دەکرێت، لەدوای ئەویش پێشبرکێیکانی مەلەوانی دێت و مەلەزانان لەسەر 146 مێدالیا رکابەری دەکەن.
لە بەردەوامی مەراسیمەکەشدا وڵاتانی بەشدار و وەرزشوانانیان بە بەرزکردنەوەی ئاڵاکانیان چوونە نێو یاریگا و کۆڤان حەسەن کە تاکە وەرزشوانی هەرێمی کوردستانە بەشداری دەکات بە نوێنەرایەتی عێراق یەکێکە لە بەشداربووان، کە کۆڤان لە ئۆڵمپیکی ریۆی 2016 توانی مێدالیای زێڕ بباتەوە و دەیەوێت پارێزگاری لە دەسکەوتەکەی بکات.
ئێرانیش بە کۆمەڵێک وەرزشوان بەشداری لە پارائۆڵمپیک دەکات و رکابەری بردنەوەی مێدالیاکان دەکات، بەڵام جیاواز لە پێنج ساڵ لەمەوبەر ئەمجارە سیامەند رەحمانی پاڵەوانی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانی لەگەڵ نابێت کە سیامەندی خاوەنی پێنج مێدالیای زێڕ ساڵێک لەمەوبەر لە تەمەنی 31 ساڵیدا لە شاری شنۆ کۆچی دوایی کرد.
لە پارائۆڵمپیکی تۆکیۆ 4400 وەرزشوان لە 160 وڵات بەشداری دەکەن و بۆ یەکەمجاریشە رێژەی بەشداریکردنی خانمان لە پارائۆڵمپیک دەگاتە لە سەدا 40، 1782 خانمە وەرزشوان رکابەری دەکەن کە لە پارائۆڵمپیکی ریۆ 1617 خانمە وەرزشوان بەشداریان تێدا کرد.