تاڵیبان رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی داخست
ته‌نیا رێگه به بیانییه‌كان ده‌ده‌ین بچنه ده‌ره‌وه
K24 – هه‌ولێر:
زه‌بیحوڵڵا موجاهید، گوته‌بێژی ره‌سمی ئیماره‌تی ئیسلامی ئه‌فغانستان، رایگه‌یاند، رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی كابول داده‌خه‌ین و ته‌نیا رێگه به بیانییه‌كان ده‌ده‌ین بچنه ده‌ره‌وه.
زه‌بیحوڵڵا گوتیشی: ئه‌وه‌ی له فڕۆكه‌خانه‌ی كابول ده‌یبینین ئازارمان ده‌دات و پێویسته له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكاییه‌كان، هانی ئه‌فغانییه‌كان نه‌ده‌ن وڵاتی خۆیان بهجێبهێڵن.
گوته‌بێژه‌كه‌ی تاڵیبان داوایشی له‌و كه‌سانه كرد، كه چوونه‌ته فڕۆكه‌خانه بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان.
هه‌روه‌ها به‌ڵێنیشی پێدان سه‌رو ماڵیان پارێزراو بێت.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی تاڵیبان، گوتیشی: ئێمه نامانه‌وێت تۆڵه له كه‌س بكه‌ینه‌وه، لیستمان درووست نه‌كردووه بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له كه‌س، ده‌مانه‌وێت پۆلیس و سوپا له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی رێك‌وپێك بنیاتبنێینه‌وه و مافی هه‌موو كه‌س ده‌پارێزین.
دوای راكردنی سه‌رۆكی ئه‌فغانستان، ئه‌شره‌ف غه‌نی و كۆنترۆڵكردنی پایته‌خت له لایه‌ن تاڵیبانه‌وه، به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستوپه‌یوه‌ندی كاربه‌ده‌ستانی پێشوو و هێزه بیانییه‌كان بوون، چوونه‌ته فڕۆكه‌خانه به هیوای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكاییه‌كان له‌گه‌ڵ خۆیان بیانبه‌نه ده‌ره‌وه.
هێزه ئه‌مریكاییه‌كان له قۆناغی یه‌كه‌مدا ته‌نیا سه‌رباز و سه‌گه‌كانی خۆیان برده ده‌ره‌وه و به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی له فڕۆكه‌خانه بوون، خۆیان به فڕۆكه‌كانه‌وه هه‌ڵواسی و دوای هه‌ڵفڕینی فڕۆكه‌كان له ئاسمان كه‌وتنه خواره‌وه و گیانیان له‌ده‌ستدا.
دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ پایته‌خت، ئه‌میری ئیماره‌تی ئیسلامی ئه‌فغانستان، هیبه‌توڵڵا ئاخوندزاده، لێبوردنی گشتیی بۆ سه‌رجه‌م نه‌یارانی بزووتنه‌وه‌كه‌یان ده‌ركرد.
هاوكات مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان گه‌ڕێكی دانووستانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه نه‌یاره‌كانی ده‌ستپێكردووه به مه‌به‌ستی ره‌نگڕێژكردنی داهاتووی سیاسی وڵاته‌كه‌یان.