له‌ هه‌ولێر سه‌رۆك بارزانی و ماكرۆن كۆده‌بنه‌وه‌

سه‌رۆك بارزانی و ماكرۆن كۆده‌بنه‌وه‌

ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا و سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی
ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا و سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی

K24 – هه‌ولێر:

ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لێده‌كرێت و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی كۆده‌بێته‌وه‌ و رێز له‌ ئازایی پێشمه‌رگه‌ ده‌گرێت.

سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان، ماكرۆن رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو ده‌گاته‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان و له‌ لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پێشوازی لێده‌كرێت و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی كۆده‌بێته‌وه‌ و پشتیوانی فه‌ره‌نسا بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر دووپات ده‌كاته‌وه‌.

دوای دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستان، بڕیاره‌ ماكرۆن له‌ هه‌ولێره‌وه‌ سه‌ردانی مووسڵ بكات.

له‌ مووسڵ له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌ كاریگه‌ره‌كان كۆده‌بێته‌وه‌ و پشتیوانی بۆ كریستیانه‌كان ده‌رده‌بڕێت و دواتر سه‌ردانی مزگه‌وتی وێرانكراوی "نوری" ده‌كات.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی كۆشكی ئه‌لیزێ بڕیاره‌ كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ به‌ مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌یی هه‌رێمایه‌تی به‌غدا، كه‌ بۆ پشتیوانی له‌ سه‌قامگیری عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئیمانوێل ماكرۆنی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات.

ماكرۆن، یه‌كه‌م سه‌رۆكی وڵاتێكی ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌كه‌یه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ لوتكه‌ییه‌كه‌ی به‌غدا به‌شداری ده‌كات.

هه‌روه‌ها هه‌ریه‌ك له‌ عه‌بدولفه‌تاح سیسی، سه‌رۆكی میسر و شا عه‌بدوڵڵای دووه‌م، پادشای ئوردن، له‌ لوتكه‌كه‌دا به‌شداری ده‌كه‌ن.

هه‌روه‌ها هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆكی توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و پادشای سعوودییه‌ به‌شداری ده‌كه‌ن.

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ماكرۆن له‌و سه‌ردانه‌دا باس له‌ پرسه‌ هه‌رێمایه‌تییه‌كان و ره‌وشی ئه‌فغانستان بكات، هه‌روه‌ها باسی ده‌ستگیركراوه‌ فه‌ره‌نسییه‌كانی داعش و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسیان و پرسی مافه‌كانی ژن به‌شێك ده‌بن له‌ گفتوگۆی ماكرۆن و به‌رپرسانی عێراق.