ئوسترالیا: پێش ته‌قینه‌وه‌كه كابولمان به‌جێهێشت
هیچ پابه‌ندییه‌كی وڵاته‌كه‌ی بۆ ناردنه‌وه‌ی هێز بۆ ئه‌فغانستان ده‌رنه‌بڕی
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری به‌رگری ئوسترالیا، "پیته‌ر داتون" رایگه‌یاند، هێزه‌كانی ئوسترالیا پێش ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌رده‌م فڕۆكه‌خانه‌ی كابول، به ته‌واوی ئه‌فغانستانیان به‌جێهشتووه و هیچ زیانێكیان به‌رنه‌كه‌وتووه.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی (27ی ئاب/ ئۆگستی 2021)، وه‌زیری به‌رگری ئوسترالیا، هیچ پابه‌ندییه‌كی وڵاته‌كه‌ی بۆ ناردنه‌وه‌ی هێز بۆ ئه‌فغانستان ده‌رنه‌بڕی، ئه‌گه‌ر بێت و جارێكی دیكه ئه‌مه‌ریكا داوای ناردنی هێز بكاته‌وه.
هه‌روه‌ها گوتی: ئێمه خه‌ریكی لێكۆڵینه‌وه‌ین بزانین ئایا هیچ كه‌سێك له‌وانه‌ی كوژراون، ڤیزای ئوسترالیایان هه‌بووه، یاخود نه‌بووه.
دوێنێ خۆكوژێكی داعش له ناو ئاپۆڕای ئه‌و ئه‌فغانیانه خۆی ته‌قانده‌وه، كه له به‌رده‌م ده‌روازه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی كابول كۆببوونه‌وه و له ئاكامی ته‌قینه‌وه‌كه‌دا زیاتر له (60) هاووڵاتی ئه‌فغانی گیانیان له‌ده‌ستدا و زیاتر له (120) هاووڵاتی دیكه بریندار بوون. له ناو كوژراوه‌كاندا ژماره‌یه‌ك چه‌كداری تاڵیبان و (13) سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكایی هه‌ن.
سه‌رچاوه: رۆیته‌رز