رۆیته‌رز.. ئه‌مه‌ریكا هێرشێكی ئاسمانیی له كابول ئه‌نجامدا
ژماره‌یه‌ك چه‌كداری گرووپی ویلایه‌تی خوراسانی سه‌ر به رێكخراوی داعش كرانه ئامانج

K24- هه‌ولێر:
دوای ئه‌وه‌ی هێرشێكی مووشه‌كی كرایه سه‌ر ناوچه‌یه‌كی نزیك له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی حامید كارازای له شاری كابولی پایته‌ختی ئه‌فغانستان، ئه‌مه‌ریكا هێرشێكی سه‌ربازیی له‌و شاره ئه‌نجامدا.
دوو به‌رپرسی ئه‌مه‌ریكی كه نه‌یانویست ئاماژه به ناویان بكرێت، به ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رزیان راگه‌یاند، له هێرشه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكادا ژماره‌یه‌ك چه‌كداری گرووپی ویلایه‌تی خوراسانی سه‌ر به رێكخراوی داعش كراونه‌ته ئامانج.
ئه‌مه دوای ئه‌وه هاتووه، به‌ر له كه‌مێك ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی به‌هێز له شوێنێكی نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی حامید كارازای له كابول بیسترا و دواتر راگه‌یه‌ندرا، كه ده‌نگی هێرشێكی مووشه‌كی بووه.
به‌گوێره‌ی راپۆرته ناوخۆییه‌كانی كابولیش، ئه‌و مووشه‌كه به‌ر خانووێكی ناوچه‌ی 11ی ئه‌منیی نیشته‌جێبوونی سڤیل كه‌وتووه و به‌هۆیه‌وه 2 كه‌س كوژران و سێی دیكه‌ش بریندار بوون، له‌ناو كوژراو و برینداره‌كان ئافره‌ت و منداڵیش هه‌ن.
تا ئێستاش لایه‌نی به‌رپرس له هه‌ڵدانی ئه‌و مووشه‌كه ئاشكرا نه‌كراوه.
شه‌وی رابردووش جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا هۆشداری له‌باره‌ی دۆخی ئه‌فغانستان دا و گوتی: دۆخی ئەمنی فڕۆکەخانەی کابوڵ زۆر مەترسیدارە و جه‌ختی كرده‌وه، لە 24 تا 36 کاتژمێری داهاتوودا ئەگەری هێرشی تیرۆریستی دیکە بۆ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی كابول هەیە و ئاشكراشیكرد، هێرشەکانی سەر داعشی خوراسان دوا هێرش نابن و وازیان لێناهێنین.
جێگای ئاماژه‌یه، به‌ر له دوو رۆژ هێزه ئاسمانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان پێگه‌یه‌كی چه‌كدارانی داعشی كوراسانیان له هه‌رێمی نه‌نگه‌رهار كرده ئامانج و دوای هێرشه‌كه‌ش زه‌بیحوڵڵا موجاهید، گوته‌بێژی تاڵیبان له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز ئه‌و هێرشه‌ی ئه‌مه‌ریكای به توندی ئیدانه كرد و گوتی: هێرشه ئاسمانییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا بووه هۆی كوژرانی دوو كه‌س و برینداربوونی دوو ئافره‌ت و منداڵێك و وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، "ئه‌مه ده‌ستدرێژییه‌كی زه‌قه بۆ سه‌ر خاكی ئه‌فغانستان".
H.B