ماكرۆن و نێچیرڤان بارزانی بۆ رۆژنامه‌نووسان ده‌دوێن
هه‌ریه‌ك له سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سه‌رۆك كۆماری فه‌ره‌نسا، ئیمانوێڵ ماكرۆن بۆ رۆژنامه‌نووسان ده‌دوێن
K24 – هه‌ولێر:
كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی كۆماری فه‌ره‌نسا كۆتایی هات و هه‌ریه‌ك له سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سه‌رۆك كۆماری فه‌ره‌نسا، ئیمانوێڵ ماكرۆن بۆ رۆژنامه‌نووسان ده‌دوێن.
به مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌یی به‌غدا، رۆژی شه‌ممه (28ی ئاب/ ئۆگستی 2021)، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا گه‌یشته به‌غدا.
دوای به‌شداریكردن له كۆبوونه‌وه لوتكهییهكه، سه‌ردانی هه‌ولێری پایته‌ختی كرد و له لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه پێشوازی لێكرا.
ئه‌مڕۆش له هه‌ولێره‌وه سه‌ردانی شاری مووسڵی كرد، بۆ ئه‌وه‌ی وێرانكاری شه‌ڕی مووسڵ و داعش ببینێت.
له میانی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ مووسڵ، ماكرۆن بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن دواو و گوتی: "مووسڵ سه‌نته‌ری داعش بووه، بۆیه قوربانی سه‌ره‌كی مووسڵ، موسڵمانه‌كان بوون، پێشتر ئاماژه‌م به‌وه كردووه، هیچ ئایینێك ناتوانێت به‌رده‌وام بێت، ئه‌گه‌ر په‌یڕه‌وانی وه‌ك داعش توندوتیژییان به‌رامبەر بكات، ئێمه به هه‌موو پێكهاتهكانمانهوه قوربانی ده‌ستی داعش بووین".
ماکرۆن، گوتیشی: "ئه‌ركێكی زۆرمان له‌پێشه و ده‌بێت له شه‌ڕی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر به‌رده‌وام بین، فه‌ره‌نسا پشتیوانی بنیاتنانه‌وه‌ی مووسڵ ده‌كات، له عێراقیش هانی هه‌موو پێكهاته‌كان ده‌ده‌ین، كار بۆ بووژانه‌وه عێراق بكه‌ن".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، سەرۆکی فەرەنسا گوتی: "له‌كۆتاییه‌كانی ساڵی 2017، كه په‌یوه‌ندی هه‌رێمی كوردستان و عێراق گرژی تێكه‌وتبوو، ئاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه له پاریسه‌وه كاری له‌سه‌ر كرا، ئه‌وكات هه‌وڵمدا ئه‌و په‌یوه‌ندییانه ئاسایی بكه‌مه‌وه".
ئیمانوێل ماکرۆن، ئاماژەی بەوەکرد: "ده‌زانم گه‌له‌كه‌تان رووبه‌ڕووی جه‌نگ و تیرۆر بووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئێمه له‌گه‌ڵتان ده‌بین و دڵنیاتان ده‌كه‌ینه‌وه، كه پشتیوانی ئێوه ده‌بین، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق قسه‌م كردووه، كه كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكات، بۆردومانه‌كانی توركیا رابگیرێت، ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه شوێنه‌كانی خۆیان، به تایبه‌تی ئێزدییه‌كان، ئێستا زۆربه‌یان له هه‌ولێر و دهۆك ده‌ژین. ده‌مه‌وێت ستایشی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌م، دیدارم له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌بوو، ئه‌مڕۆش سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌م. سوپاسی پارێزگاری نه‌ینه‌واش ده‌كه‌م، كه له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان كارده‌كات، كاری باش كراوه، به‌ڵام ده‌بێت رووبه‌ڕووی گهندەڵیش ببنه‌وه، مووسڵ به ناوچه‌یه‌كی فره نه‌ته‌وه ناسراوه، ئێمه وه‌كو فه‌ره‌نسا ده‌مانه‌وێت هاوكاری خه‌ڵكی ئه‌و شاره بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆیان بنیاتبنێنه‌وه".
ماکرۆن، باسی لەوەشکرد: "ره‌نگه له رووی جوگرافییه‌وه داعش له ئێمه‌وه دوور بێت، به‌ڵام ئێمه به‌ر له هه‌مووان بووینه قوربانی بیری توندڕه‌وی و داعش، بۆیه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه به یه‌كه‌وه رووبه‌ڕووی تیرۆر ببینه‌وه. ده‌مانه‌وێت هه‌لی وه‌به‌رهێنان له‌و ناوچه‌یە زیاتر بكه‌ین و ده‌ستی كۆمپانیا فه‌رنسییه‌كان بۆ ئێره رابكێشین، تاوه‌كو پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری لە ناوچەکە جێبه‌جێ بكه‌ن".