ئیمانوێل ماكرۆن: له لووتكه‌ی به‌غدا گرنگی رۆڵی كورد له‌ناوچه‌كه‌دا ئاماژه‌یپێكرا
سه‌رۆك بارزانیم دڵنیاكرده‌وه له هاوسۆزی فه‌ره‌نسا بۆ هه‌رێمی كوردستان
K24 – هه‌ولێر:
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی، ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆك كۆماری فه‌ره‌نسا، ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه له‌گه‌ڵ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زیران و په‌رله‌مان، كۆبووه‌ته‌وه، به‌لایه‌وه گرنگ بوو كه له‌گه‌ڵ ئه‌وان كۆبووه‌ته‌وه، خۆشحاڵیش بوو كه له هه‌ولێره.
ماكرۆن رایگه‌یاند، نێوانی هه‌رێمی كوردستان و فه‌ره‌نسا، دۆستایه‌تییه‌كی زۆر تایبه‌ت و مێژووییه، پڕۆژه بڕیاری (688)ـی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، كه بووه‌ته ئۆتۆنۆمی بۆ هه‌رێمی كوردستان، رۆڵه‌كه‌ی بۆ فه‌ره‌نسا ده‌گه‌ڕێته‌وه، له ریزی رۆژنامه‌نووسان و نووسه‌ران و خاتوو دانیال میتران و زۆربه‌ی خه‌ڵكی فه‌ره‌نسا، ئه‌وكات گرنگیان به دۆزی كورد، ده‌دا، ئه‌مڕۆ هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌هێزتره له‌جاران، چونكه هێزه‌كانمان هاوشانی هێزی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی رۆژئاوا و هێزه عێراقییه‌كان، دژی داعش شه‌ڕیانكرد، كه رۆڵێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان بینی، ده‌توانم بڵێم ئه‌و جه‌نگه دۆستایه‌تی نێوانمانی پته‌وكرد، بۆ ئه‌مه فه‌ره‌نسا هێزێكی زۆری بۆ پاراستنی ئێوه نارد.
روونیكرده‌وه، ئه‌مڕۆ سه‌رۆك بارزانیم له هاوسۆزی فه‌ره‌نسا بۆ هه‌رێمی كوردستان، دڵنیاكرده‌وه، هاوكاری ئێمه بۆ جه‌نگی دژی تیرۆر له‌پێناو سه‌ر هه‌ڵنه‌دانه‌وه‌ی داعش، به‌رده‌وام ده‌بێت، چونكه ئه‌م جه‌نگه په‌یوه‌سته به ئه‌منیه‌ت و ئاسایشی ناوچه‌كه و هه‌رێم و عێراق و ئه‌وروپاش.
جه‌ختیكرده‌وه، هه‌رێمی كوردستان جوامێرانه پێشوازی له ئاواره و په‌نابه‌ران كرد، كه له سووریا و ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق هاتبوون، فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵتان بوو، بۆ یارمه‌تیدان بۆ پێشوازی لێكردنیان، له رۆژانی داهاتووشدا له‌هاوكاری هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بین.
روونیشیكرده‌وه، فه‌ره‌نسا یارمه‌تی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه ره‌وانه ده‌كات، له‌مپێناوه‌ش هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بێت.
جه‌ختیشیكرده‌وه، داوام له سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كرد، كه په‌یوه‌ندییه‌كان پته‌و تر بكه‌ینه‌وه، له‌به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا بێت، به‌تایبه‌ت بۆ یارمه‌تیدانی ئه‌و ئاواره و په‌نابه‌رانه‌ی، كه روویان له هه‌رێمی كوردستان كردووه.
گوتی: له بابه‌تی شنگالیش، هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵ له‌سه‌ر هێڵن، هه‌موو لایه‌ك له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان كه كه‌شێك دروست ببێت، تاوه‌كو ئه‌و خه‌ڵكه بگه‌ڕێته‌وه زێدی خۆیان، سه‌باره‌ت به كریستیانه‌كانیش، پێویسته به‌هه‌موو لایه‌ك ئه‌وه‌ی كه له ده‌ستمان دێت و له تواناماندا بێت، یارمه‌تیان بده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه زێدی خۆیان.
سه‌باره‌ت به بابه‌تی رۆژئاوا، گوتیشی: ئێمه له‌گه‌ڵتان ده‌بین، تاوه‌كو ئه‌و خه‌ڵكه بگه‌ڕێته‌وه شوێنی خۆیان، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌شێكی گشتگیر دروست بێت، پێكه‌وه كورد و عه‌ره‌ب بگه‌ڕێنه‌وه ناوچه‌كانی خۆیان، ئاشتی به‌رپا بێت، ئێمه له‌گه‌ڵ سه‌قامگیریداین، ته‌واوی كاره‌كته‌ره‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه پێكه‌وه كار بكه‌ن.
ئاماژه‌یپێكرد، له كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ی به‌غدا، هه‌موومان له‌سه‌ر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر یه‌كده‌نگ بووین، داواش كرا رۆڵی كورد له‌ناوچه‌كه له‌به‌ر چاو بگیرێت، زۆر خۆشحاڵبووم كه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆك وه‌زیران كۆبوومه‌وه.
ك.ب