ماكرۆن: گەلی کورد و هێزی پێشمەرگە لە هێڵی پێشەوەی شەڕی دژی داعش بوون
دوای ئەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی لەگەڵ پۆلێک پێشمەرگەی ژن وێنەیەکی یادگارییان گرت
K24 – ههولێر:
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ستایشی گەلی کورد و هێزی پێشمەرگەی کوردستانی كرد لە شەڕی دژی تیرۆر و رایگهیاند، گەلی کورد و هێزی پێشمەرگە لە هێڵی پێشەوەی شەڕی دژی داعش بوون.
ماکرۆن دوای ئەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی لەگەڵ پۆلێک پێشمەرگەی ژن وێنەیەکی یادگارییان گرت، وێنەکەی تویت کردووە و نووسیویەتی: "ستایشی هەموو ئەو قارەمانانە دەکەین کە لە هێڵی پێشەوە شەڕیان دژی داعش کرد. ستایشی گەلی کورد و هێزی پێشمەرگە دەکەین، پێشمەرگە واتە ئەوانەی رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە. ستایشی هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکەین، ستایشی هێزەکانی فەرەنسا دەکەین."

سەرۆکی فەرەنسا ئهوهشی نووسیوه: "800 سەربازمان لە هێزی دەریایی و ئاسمانی و زەمینی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش راوێژ و راهێنان دەدەنە هێزە عێراقییەکان. کاتێک لە هەولێر سەردانی سەربازە فەرەنسیەکانم کرد، پێموتن: ئێمە قەرزاری ئێوەین و شانازیتان پێوە دەکەین."