گومان دەکرێت تەقینەوەکەی کەمپی قادیا پەکەکە ئەنجامیدابێت
پێشتر چەکدارانی پەکەکە هەڕەشەیان لەو کەسە کردووە کە بۆمبەکە لە نزیک ماڵەکەی تەقیوەتەوە

K24 - زاخۆ
شەوی رابردوو تەقینەوەیەک لە کەمپی قادیای ئاوارەکانی شنگال لە زاخۆ روویدا، بەهۆیەوە دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
شڤان سندی، بەڕێوەبەری ئاسایشی زاخۆ بە کوردستان24ی راگەیاند: "تەقینەوەکە لە رێگەی بۆمبێکی چێندراو بووە، گومان دەکرێت پەکەکە ئەنجامیدابێت، چونکە بۆمبەکە لە نزیک ماڵی نەقیبێکی ئاسایش بەناوی شێخ حەسەن بووە و پێشتر چەکدارانی پەکەکە هەڕەشەیان لەو نەقیبەی ئاسایش کردووە".
روونیکردەوە: "تەقینەوەکە لە رێگەی بۆمبی چێنراو بە وایەر لە ژێر گڵ کراوە، ئەم کردەوە لە هی پەکەکە دەچێت".
بەڕێوەبەری ئاسایشی زاخۆ راشیگەیاند: "پێشتریش بە هەمان شێوە پەکەکە بۆمبی چێندراوی لە شوێنە گشتییەکان داناوەتەوە و پێشمەرگە و کارمەندانی ئاسایشی شەهید کردووە".