ئهمڕۆ كۆڤان حهسهن له تۆكیۆ دهیهوێت پارێزگاری له ریكۆرده جیهانییهكهی بكات
کۆڤان حەسەن پاڵەوانی کورد و خاوەنی ریکۆردی پارائۆڵمپیک ململانێی بردنەوەی دووەمین مێدالیای زێڕی پارائۆڵمپیک دەکات.
کۆڤان حەسەن یاریزانی کورد لە یاریی ڕم بەشداری لە پارائۆڵمپیکی تۆکیۆ دەکات و دوای بردنەوەی مێدالیای زێڕی پارائۆڵمپیکی ریۆی 2016 ئەمجارە دەیەوێت لە تۆکیۆ دەستکەوتەکەی دووبارە بکاتەوە و پارێزگاریش لە ریکۆردەکەی بکات.
کۆڤان لە ساڵی 2012 بەشداری لە پارائۆڵمپیکی لەندەن کرد و دواتر لە ساڵی 2015 بەشداری لە پاڵەوانێتی جیهانی خاوەن پێداویستە تایبەتەکان کردووە کە پاڵەوانییەتیەکە لە قەتەر بەڕێوەچوو، ئەو کاتە کۆڤان بە هەڵدانی ڕمەکەی بۆ مەودای 40 مەتر و 93 سانتیمەتر پلەی دووەم و مێدالیای زیوەی بردەوە، ساڵێک دواتر کۆڤان بەشداری لە پارائۆڵمپیکی ریۆی بەڕازیل کرد و توانی مێدالیای زێڕ بباتەوە دوای ئەوەی ڕمەکەی بە مەودای 42 مەتر و 85 سانتیمەتر هاوێشت و ریکۆردی جیهانی بەناوی خۆی تۆمار کرد،
لە ساڵی 2019شدا کۆڤان لە دوبەی بەشداری لە پاڵەوانییەتیی جیهانی گۆڕەپان و مەیدانی خاوەن پێداویستە تایبەتەکان کرد و بە هەڵدانی 42 مەتر و 24 سانتیمەتر مێدالیای برۆنزی بەدەستهێنا.