بەهای لیرەی تورکی بۆ کەمترین ئاست دادەبەزێت
لیرەی تورکی داشکا

K24 - هەولێر
بەهای لیرە تورکی لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ دووشەممە 20/9/2021 لە 0.4٪ی بەهاکەی لەدەستدا و بۆ کەمترین ئاست لە دوای مانگی تەمموزەوە دابەزی، هۆکاری سەرەکی ئەو دابەزینەش، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و چاوەڕوانییەکانە بە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەی بانکی ناوەندی تورکیا بۆ دیارکردنی رێژەی سوود.
ئاستی ئەو دراوە تورکیە بۆ 8.6835 دۆلار دابەزی، هەروەها لە سێ رۆژی مامەڵەی رابردوویدا 3٪ بەهاکەی بەرامبەر دۆلار لەدەستداوە.
هەروەها 2.5٪ی بەهاکە لە رۆژانی مامەڵەی چوارشەممە و پێنجشەممەی رابردوودا لەدەستداوە.
سەرەڕای ئەوە شارەزایانی ئابووری پێشبینی دەکەن، بانکی ناوەندی تورکیا بەردەوام بێت لە جێگیرکردنی رێژەی سوود لە ئاستی 19٪، بە تایبەت دوای ئەوەی رێژەی هەڵاوسان لە مانگی ئابدا بۆ 19.25٪ بەرزبووەوە، کە ئەوەش بەرزترین ئاستە لە دووو ساڵی رابردوودا.