ئەردۆگان: تورکیا بەردەوام دەبێت لە دابەزاندنی رێژەی سوود
"لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە وڵاتە پێشکەوتووەکان لە لێواری گەورەترین داکەوتنی ئابووریدان"

K24 – هەولێر
سەرەرای داکەوتنی بەهای لیرەی تورکی بۆ کەمترین ئاستی، رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکی تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە دابەزاندنی رێژەی سوود.
سەرۆک کۆماری تورکیا لە میانی کۆبوونەوەی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، چەندین هێرشی ئابووری کراوەتە سەر وڵاتەکەیان، بەڵام ئەوان بەردەوام دەبن لە رووبەڕووبوونەوەی رێژەی سوود.
سەرۆکی تورکیا دەڵێت، لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە وڵاتە پێشکەوتووەکان لە لێواری گەورەترین داکەوتنی ئابووریدان.
هاوتا لەگەڵ لێدوانەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا بەهای لیرەی تورکی بەردەوام لە داکەوتن، و لە دوایین مامەڵەکانیشدا بەهای دۆلارێکی ئەمریکی گەیشتە 10 لیرە و 98 قوروش، کە کەمترین ئاستە لە مێژووی تورکیا. شارەزایانی ئابووری هۆشداری لە قەیرانێکی دیکەی دراو دەدەن و هۆکارەکەشی بۆ کاروباری بانکی ناوەندی دەگەڕێننەوە کە کەوتووەتە ژێر گوشاری سیاسی بۆ دابەزاناندی رێژەی سوود.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە لیرەی تورکی سەدا 29 بەهاکەی لەدەستداوە و شارەزایان هۆکاری سەرەکی بۆ دەستوەردانەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ سیاسەتی نەختینەیی و گۆڕانکاری بەردەوامی بەرپرسانی بانکی ناوەندی دەگەڕێننەوە.