دراوی تورکی بەربەستی 15 لیرەی بەرامبەر دۆلار شکاند
"رێژەی هەڵاوسان لە مانگی تشرینی دووەمدا بۆ سەرووی سەدا 21 بەرزبووەتەوە"

K24 – ههولێر:
چەندین هەفتەیە دراوی تورکی بەردەوامە لە دابەزین و لەمامەڵەکانی ئەمڕۆشدا جارێکی دیکە لە داڕمان ئاستێکی نوێی تۆمارکرد و هەر دۆلارێک بۆ سەرووی 15 لیرە بەرزبووەوە.
ئەو داڕمانە لە کاتێکدایە بڕیارە چەند کاتژمێرێکی دیکە بانکی ناوەندی تورکیا بڕیاری نوێ لە بارەی نرخی سوود دەربکات.
لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ پێنجشەممەدا، بەهای لیرەیەکی تورکی بەرامبەر دۆلارێک سەدا 2.20ـی بەهاکەی لەدەستدا و بۆ ئاستی 15.28 لیرە دابەزی. کە ئەمەش نزمترین ئاستە لە مێژووی وڵاتەکە تۆمارکرابێت. واتە 100 دۆلار گەیشتووەتە ئاستی 1528 لیرە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە دەستپێکی ئەمساڵ هەر دۆلارێک بە 7.43 لیرە مامەڵەی پێوەدەکرا، بەڵام لە دوای مامەڵەکانی گەیشتووەتە 15.28 لیرە. واتە تەنیا لەمساڵدا سەدا 105.65ـی بەهاکەی لەدەستداوە، لەو رێژەیەش زیاتر لە سەدا 30ـی لە مانگی رابردوو بووە.
هەروەها رێژەی هەڵاوسانیش لە وڵاتەکە مانگی تشرینی دووەمدا بۆ سەرووی سەدا 21 بەرزبووەتەوە.
سەرەڕای داکەوتنی بەهای لیرە و بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا، رژدە لەسەر هەوڵەکانی و دژایەتی بەرزی نرخی سوود دەکات و پشتیوانی لە دابەزاندنی دەکات، کە هەر جارێک لە دابەزاندنی نرخی سوود لیرەی تورکی بەهاکەی لەدەستداوە.
بڕیارە ئەمڕۆ، بانکی ناوەندی تورکیا لەبارەی دیاریکردنی نرخی سوود کۆبێتەوە و مامەڵەکاران لە چاوەڕوانی دوایی بڕیارەکەن.