راوێژكارانی فه‌ره‌نسا له‌ناو هێزه‌كانی سوریای دیموكرات دان

فه‌ره‌نسا به‌ راوێژ به‌شداری ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی منبج بووه‌

K24 – هه‌ولێر

فه‌ره‌نسا هێزێكی تایبه‌ت بۆ پێدانی راوێژ به‌ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له‌ رۆژئاوای كوردستانی بڵاوه‌ پێكردووه‌.

ئاژانسی فرانس پرێس له‌سه‌ر زاری به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی به‌رگری فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی منبج به‌ ئاشكرا له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك وڵات، له‌وانه‌ فه‌ره‌نسا پشتگیری ده‌كرێت كه‌ زیاتر رۆڵی راوێژكاریان هه‌یه‌ و راسته‌وخۆ به‌شداری شه‌ره‌كه‌ نابن.

وه‌زیری به‌رگری فه‌ره‌نسا جین یڤێس لو دریان هه‌ینی پێشوو رایگه‌یاندبوو سه‌ربازانی وڵاته‌كه‌ی یارمه‌تی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی منبج ده‌ده‌ن و هه‌روه‌ها باس له‌ یارمه‌تیی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و پشتگیری هه‌وایی و راوێژ بۆ ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ كردبوو.

به‌پێی سه‌رچاوه‌كه‌، سێ هه‌زار چه‌كداری عه‌ره‌ب و 500 چه‌كداری كورد به‌شداری ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی منبج بوونه‌، كه‌ راسته‌وخۆی به‌ پشتیوانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

فه‌ره‌نسا ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی شه‌ری دژی داعشه‌ كه‌ 150 سه‌ربازی له‌ هه‌رێمی كوردستان مه‌شق و راهێنان به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن.