رێگه‌ی هاتۆچوی داعش له ‌نێوان توركیا و سوریا داده‌خرێت

منبج به‌ ته‌واوه‌تی گه‌مارۆ دراوه‌

K24 – هه‌ولێر

هێزه‌كانی سوریای دیموكرات رێگه‌ی هاتۆچوی رێكخراوی داعش بۆ توركیا داده‌خه‌ن كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ شارۆچكه‌ی منبج له‌ باكووری حه‌له‌ب به‌ ته‌واوه‌تی گه‌مارۆ دراوه‌.

سه‌رۆكی روانگه‌ی سوریا بۆ مافی مرۆڤ رایگه‌یاند هیزه‌كانی سوریای دیموكرات دوایین رێگه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش له‌نێوان منبج و سنووری توركیا كۆنترۆڵ ده‌كه‌ن.

رامی عه‌بدولره‌حمان هه‌روه‌ها وتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی داعش له‌ سه‌نته‌ری منبج بۆ سنووری توركیا پچڕاوه‌، به‌ڵام هێشتا خاڵی سنووری و رێگه‌ لاوه‌كییه‌كانی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، كه‌ به‌ رێگه‌یه‌كی زۆر مه‌ترسیدار وه‌سف ده‌كات.

 به‌ كۆنتڕۆڵكردنی رێگه‌ی نێوان منبج و سنووری توركیا له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی سوریا دیموكرات، رێكخراوی داعش هاتۆچۆی نێوان پارێزگای حه‌له‌ب و شاری ره‌قه‌ بۆ سنووری توركیا له‌ ده‌ستده‌دات و ئیدی ناتوانێ یارمه‌تی و چه‌كداری نوێ له‌ سنووری توركیاوه‌ بهێنه‌ ناو سوریا.

هێزه‌كانی سوریای دیموكرات پێشتر رێگه‌ی سەرەكی نێوان مەنبج و جەرابلوس، هەروەها رێگای مەنبج ‌و شاری رەققەیان كۆنتڕوڵكردبوو.