رژیمی ئه‌سه‌د: پیكهێنانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات نه‌خشه‌ی ئه‌مریكایه‌

پێكهێنانی ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌ له‌ پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی سوریا، رێككه‌وتنی ئه‌مریكا و توركیایه‌ بۆ پێشیگرتن به‌ دروستبوونی ده‌سه‌ڵاتێكی كوردی یه‌كگرتوو

K24 – هه‌ولێر

فه‌رماندیه‌كی سه‌ربازی رژیمی سوریا رایگه‌یاند: "هاتنی هاوپه‌یمانی نێوان كورد و عه‌ره‌ب و ئاشوری و ئه‌رمه‌نی و توركمان بۆ ناو شه‌ری ره‌قه‌ نه‌خشه‌ی ئه‌مریكایه‌ كه‌ به‌ ره‌زامه‌ندیی توركیا دژی سوریا به‌رێوه‌ده‌چێت".

فیراس شه‌بول به‌ ئاژانسێكی ئێرانی رایگه‌یاندووه‌ هۆكاری پێكهێنانی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ له‌ پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی سوریا، رێككه‌وتنی ئه‌مریكا و توركیایه‌ بۆ پێشیگرتن به‌ دروستبوونی ده‌سه‌ڵاتێكی كوردی یه‌كگرتوو، كه‌ به‌وته‌ی ئه‌و ده‌توانێ له‌ ئاینده‌دا كۆنتڕۆڵی ته‌واوی كوردان بكات.

فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی سوریا كه له‌دیمه‌شقه‌وه‌ قسه‌ی ده‌كرد، رایگه‌یاند‌: "بوونی كورده‌كان له‌ گه‌ڵ هێزه‌كانی عه‌ره‌بی ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ عه‌ره‌به‌كانی سوریا رێ به‌ جێبه‌جێبوونی ئامانجه‌كانی ئه‌مریكا نه‌ده‌ن".

شه‌بول هه‌روه‌ها ناكۆكی نێوان كورد و عه‌ره‌ب به‌هۆكاری پاشكه‌و‌تنی ئۆپه‌راسیۆنی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات بۆ پێشڕه‌وی به‌ره‌و شاری ره‌قه‌ وه‌سفكرد و وتی سوپای سوریا توانیوه‌ سوود له‌م ده‌رفه‌ته‌‌ وه‌ربگرێت و به‌ره‌و شاری ره‌قه‌ بجولێت.

پێی وایه‌ لایه‌نی كورد دژی پێشڕه‌وی به‌ره‌و شاری ره‌قه‌یه‌ كه‌ به‌وته‌ی ئه‌و شاره‌زای جوگرافیای ناوچه‌كه‌ نین و پێیان باشه‌ بوونی خۆی له‌ باكووری ره‌قه‌ له‌ ناوچه‌ی گرێ سپی بپارێزن.

هه‌روه‌ها پشتیوانی روسیا له‌ سوپای وڵاته‌كه‌ی بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شاری ره‌قه‌ به كارێكی‌ ئاسایی ناوبرد و رایگه‌یاند ئه‌م شه‌ره‌ گرنگییه‌كی زیاتر له‌ ناوچه‌كانی تر هه‌یه، چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆی سه‌رنه‌كه‌وتنی نه‌خشه‌كانی ئه‌مریكا

هه‌ر سه‌باره‌ت نه‌خشه‌ی ئه‌مریكا وتی ئه‌وان زیاتر پێداگری له‌سه‌ر پارێزگای حه‌سه‌كه‌ له‌ سنووری عێراق ده‌كه‌ن و كوردیش له‌سه‌ر گرنگیدانی زیاتر به‌م ناوچه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ نه‌وت له‌گه‌ڵ واشنتۆن هاوڕایه‌، كه‌ پێی وایه‌ پێگه‌ی كورد له‌ ناوچه‌كانیان سه‌قامگیر ده‌كات.