بەرگری شارستانی هەولێر هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە

لەکاتی کۆبوونەوەی ئاو و هەر گرفتێک پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنەکانی بەرگری شارستانی بکەن

دیمەنێکی ئەمڕۆ یەکێک لە شەقامەکانی هەولێر
دیمەنێکی ئەمڕۆ یەکێک لە شەقامەکانی هەولێر

K24 - هەولێر

بەهۆی باران بارینی بە خوڕ، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ لە چەند شەقام و کۆڵانێکی هەولێر ئاو کۆبووەتەوە و بەرگری شارستانی داوا لە هاووڵاتییان دەکات، لەکاتی کۆبوونەوەی ئاو و هەر گرفتێک پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنەکانیانەوە بکەن.

مەسعود کاڕەش، جێگری پاریزگاری هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەهۆی بارانبارین لە زۆربەی شەقامەکان ئاو کۆبووەتەوە و تیمەکانمان لەناو کۆڵان و شەقامەکان سەرقاڵی کاری زۆیانن".

گوتیشی: "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان ئاو چووەتە ناو هەندێک ماڵ، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".

جەختیکردەوە: "تیمەکان لەو شوێنانە لە ئامادەباشیدان کە مەترسی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە".

بەرگری شارستانی هەولێر هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە لە شوێنێک بەهۆی ئاو گرفت دروست بێت پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنەکانی 125 و 115 بکەن و تیمەکان بە هانایانەوە دەچن.

بەهۆی ئەو دۆخەی بەهۆی بارانبارینەوە لە هەولێر دروستبووە، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر دەوامی لە ناوەندەکانی خوێندن راگرت و تاقیکردنەوەکانی ئەمڕۆی بۆ رۆژی شەممە دواخست. هاوکات سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدین رایگەیاند، ئەمڕۆ لە کۆلیژەکان دەوام نییە.