د. شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا: له عێراقدا زیاد له 55 مادده‌ی ده‌ستووری پێشێلكراون
"له كوێ زمانی عه‌ره‌بی هه‌بێت، ده‌بێت له پاڵییه‌وه كوردییش هه‌بێ"
K24- هه‌ولێر:
تا ئێستا گرێ كوێره‌ی ناسه‌قامگیری عێراق به ته‌واوه‌تی نه‌كراوه‌ته‌وه، هێرش و په‌لاماری میلیشیاكانیش بۆ سه‌ر باره‌گای پارت و لایه‌نه سیاسییه عێراقییه‌كان و باڵیۆزخانه‌كان، هه‌مووی په‌یوه‌ستن به نه‌بوونی سه‌قامگیری له عێراق.
د. شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به كوردستان24ـی راگه‌یاند، ئێمه رێزی رێكاره ده‌ستوورییه‌كان ده‌گرین، كه دادگا پێڕه‌وی ده‌كات، هیوادارین ته‌واوی بابه‌ته‌كان له عێراق په‌یوه‌ست به ده‌ستووره‌وه بێت، واته ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای فیدڕاڵی ته‌نیا رێگه له دانیشتنی په‌رله‌مان ده‌گرێت، كاروباره ئیدارییه‌كان رایی ده‌كرێن.
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران راشیگه‌یاند، سه‌باره‌ت به‌و سكاڵایانه‌ی له دانیشتنی یه‌كه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی به ئێمه گه‌یشتبوو، له‌و سۆنگه‌وه پاكێجی به‌رگریكردن و وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ی دادگای فیدڕاڵیشمان ئاماده كردووه.
د. شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئه‌و رێكارانه‌ی له دانیشتنی یه‌كه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران پێڕه‌و كران دوو مادده‌ی ده‌ستووری بوون، كه په‌یوه‌ستن به سوێندخواردن، جیا له هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان.
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌شڵێت: له عێراق وایلێهاتووه سه‌ره‌تا ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كابینه‌ی حكومه‌ت هه‌ڵبژێرن، پاشان سیڤییه‌كان بۆ سه‌رۆكایه‌تیكردنی كۆمار پێشكه‌ش ده‌كرێن، له ئێستادا عه‌ره‌به‌كان هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌و سیڤیانه ده‌كه‌ن، پۆستی سه‌رۆك كۆمار مافی نه‌ته‌وه‌ی كورده، به‌م نزیكانه ئه‌م دۆسییه‌یه یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه، بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ راگرتنی دانیشتنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كاریگه‌ری بۆ سه‌ر دیاریكردن و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار نابێت.
د. شاخه‌وان عه‌بدوڵلا روونیكرده‌وه، ته‌واوی چالاكییه‌كانم به زمانی كوردی له سایتی په‌رله‌مانی عێراق بڵاو ده‌كرێنه‌وه، پێیانم راگه‌یاندووه ته‌واوی به‌یاننامه‌كانیش بكرێنه كوردی، ده‌مانه‌وێت بابه‌تی زمانی كوردی بچه‌سپێت، له كوێ زمانی عه‌ره‌بی هه‌بێت، ده‌بێت له‌پاڵییه‌وه كوردییش هه‌بێت.
له‌باره‌ی هێرشی میلیشیاكان بۆ سه‌ر باره‌گای حزبه‌كان له‌به‌غدا، د. شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا گوتی: پارتی هێزێكی سیاسییه و خاوه‌نی دۆزێكه، ئه‌و مووشه‌كانه‌ی ئاڕاسته‌ی باره‌گاكان ده‌كرێن، كاریگه‌رییان نابێت، پێویسته لایه‌نه دۆڕاوه‌كان هۆشیارانه مامه‌ڵه بكه‌ن.
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، له عێراق زیاد له 55 مادده‌ی ده‌ستووری پێشێلكراون.