مه‌كته‌بی سیاسی پارتی راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

زۆر بە توندی ئەو پەلامارە ئیدانە و ریسوا دەکەین

K24 – هه‌ولێر:

مەکتەبی سیاسی پارتی  دیموکراتی کوردستان ئیدانەی پەلامارەکەی سەر نووسینگەی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ كه‌ركووك  كرد.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێك، كه‌ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ده‌ریكردووه‌، هاتووه‌: "ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتێکدا زۆر بە توندی ئەو پەلامارە ئیدانە و ریسوا دەکەین، بە ئەنجامدەرانیشی رادەگەیەنین کە بە کردەوەی تیرۆرستی و  شکستخواردوو شکستەکانیان چارەسەر و پەردەپۆش ناکرێن ".

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌

ئەمشەو ھێرشێکی تیرۆریستانەی شکستخواردوو کرایە سەر نووسینگەی هەڤاڵ(شاخەوان عەبدوڵڵا) جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لە شاری کەرکووک، کە خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتێکدا زۆر بە توندی ئەو پەلامارە ئیدانە و ریسوا دەکەین، بە ئەنجامدەرانیشی رادەگەیەنین کە بە کردەوەی تیرۆرستی و  شکستخواردوو شکستەکانیان چارەسەر و پەردەپۆش ناکرێن، ھاوکات پێمان وایە پاراستنی ماف و ژیانی هاووڵاتیان و بەرپرسان بەبێ جیاوازی لە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی شارەکەیە.

 لەم سۆنگەیەوە داوادەکەین بە زووترین کات تاوانکاران بە سزای رەوای خۆیان بگەن بۆ ئەوەی ئەو کارە تێکدەرانە و تاوانکاریانە دووبارە نەبنەوە و، هەموو لایەکیش بە جیددی و بەرپرسیارانە کاربکەن بۆ رێگە گرتن لە کاری گێرەشێوێنی لە پێناو دابینکردنی ئەمنیەت و ئاسایشی ھاووڵاتیان و سەقامگیری گشتی.

مەکتەبی سیاسی

پارتی  دیموکراتی کوردستان

19ـی کانوونی دووەمی 2022