عێراق بەدوای بازاڕێکی دیکەی گەنم دەگەڕێت

گرژییەکانی نێوان ئۆکراینا و رووسیا کێشەی بۆ بازاڕی گەنم دروستکردووە

گەنم - ئەرشیف
گەنم - ئەرشیف

K24-هەولێر

بەکاریگەری گرژییەکانی نێوان ئوکراینا و رووسیا، عێراق و چەند وڵاتیكی دیکە بەدوای بازاڕێکی دیکە دەگەڕین بۆ کڕینی گەنم.

بەگوێرەی راپۆرتێکی دامەزراوەی گلۆباڵ پلاتس، بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئوکراینا و رووسیا، هێڵی گواستنەوە لە دەریای رەش مەترسی لەسەرە و ئەمەش وایکردووە جموجۆڵی بازرگانی لەو هێڵە سست بێت، یەکێک لەو بەرهەمانەی مەترسی کەوتووەتە سەر هاوردەکردنی گەنمە لەلایەن عێراق.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکراوە، عێراق و چەند وڵاتیكی دیکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دوای  سەرچاوەیەکی دیکەی بازاڕدا دەگەڕێن، چونکە عێراق زیاتر لە 150 هەزار تۆن گەنمی لە ئوسترالیا کڕیووە.

پێشبینی ئەوەش دەکرێت، بەکاریگەری بەدەوامبوونی ئەو گرژیانەش زیانێكی زۆر بە وڵاتانی هەناردەکار و هاوردەکاری زێڕ بکەوێت.

ئەمە لەکاتێكدایە ئەنجومەنی دانەوێڵەی عێراقی رایگەیاندووە، بۆ ئەمساڵ عێراق پێویستی بە هاوردەکردنی دوو ملیۆن تۆن گەنمە.