پێداویستی گازی ئەوروپا.. قوربانی ململانێی رووسیا و ئۆکرانیا

کورتهێنانی گاز لە ئەوروپا چۆن پڕ دەکرێتەوە؟

کارمەندێك لەکاتی کارکردن لە وێستگەیەکی گازدا لە شارۆچکەی بۆیاراکا لە هەرێمی کیڤ، وێنە: AFP
کارمەندێك لەکاتی کارکردن لە وێستگەیەکی گازدا لە شارۆچکەی بۆیاراکا لە هەرێمی کیڤ، وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

ناڕوونییەکان لە داهاتووی پڕۆژەی هێڵی نۆرد ستریم 2 لە ئەنجامی هەڵکشانی ناکۆکییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، نرخی گازی سروشتی لە بازاڕی گرێبەستەکانی داهاتووی ئەوروپا ناجێگیر کردووە.

لە دوایین مامەڵەکاندا نرخی گازی سروشتی لە گرێبەستەکانی داهاتووی بازاڕەکانی ئەوروپا، بە رێژەی %15 بۆ  کەمتر لە 800 دۆلار بۆ هەزار مەتر سێجا دابەزی، ئەوەش یەکەم جارە لەمساڵدا بۆ ئەم ئاستە دابەزێت، کە هۆکارەکەی بۆ هەواڵی "گەڕانەوەی بەشێک لە سەربازانی رووسیا لە سەر سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە بۆ سەربازگەکانیان". سەرەڕای ئەو دابەزینە بەڵام ناتوانێت چارەسەری دۆخی وزەی ئەوروپا بکات.

بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵییەکان یەدەگی گازی سروشتی لە ئەڵمانیا لە لە کەمبوونەوەیە، کە خاوەنی گەورەترین عەمباری گازی ژێر زەوییە لە ئەوروپا.

لە مانگی کانوونی دووەمی رابردووش، زیاتر لە نیوەی یەدەگی گازی سروشتی لە ئەوروپا بەتاڵ بوون، بە جۆرێک هاوردەکردنی گاز لەلایەن ئەوروپا لە دوای ساڵی 2011ـەوە ژمارەی پێوانەیی شکاندووە.

یەک لەسەر سێی هاوردەی گازی سروشتی ئەوروپا لەلایەن رووسیاوە دابین دەکرێت، لەهەمان کاتدا نرخی گازی سروشتی لە گرێبەستەکانی داهاتووی ئەوروپا لە کۆتایی 2021 بۆ بەرزترین ئاستی بەرزبووەوە، بە جۆرێک نرخەکەی بە درێژایی 2021 بە رێژەی سەدا 800 بەرزبووەوە، نرخی 100 مەتر سێجای گازی سروشتی ئاستی 2000 دۆلاری تێپەڕاند.

لە ساڵی 2022، ناکۆکی و گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا و ئەگەرەکان بە هەڵگیرسانی جەنگ لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا نرخی گازی سروشتی لە گرێبەستەکانی داهاتووی ئەوروپا بەرزبووەوە.

لە کاتێکدا ئەوروپا بە قەیرانی وزەدا تێدەپەڕێت، ویلایەتە یەکگرووەکانی ئەمریکا بەدوای جێگرەوەی گازی سروشتی بۆ ئەوروپا دەگەڕێت، لەبەرامبەردا رووسیا پێی وایە ئەمریکا دۆخی سەرسنووری نێوان رووسیا و ئۆکرانیا ئاڵۆز کردووە و دیەوەێت بازاڕی وزەی ئەوروپا کۆنترۆڵ بکات.

بە گوێرەی چەندین راپۆرتی هەواڵی ئەمریکا، واشنتن 7.7 ملیۆن تۆن گازی سروشتی شلکراوەی لە مانگی کانوونی یەکەمی 2021 هەزاردەی ئەوروپا کردووە، بەمەش بۆ یەکەمجار بووەتە گەورەترین هەناردەکاری گازی سروشتی لە ئەوروپا. بەرپرسانی حکومەتی ئەمریکا لە 25ـی مانگی رابردوو لەگەڵ چەند وڵاتێک دەستیان بە دانوستاندن کرد تاوەکو لە ئەگەری ئاڵۆزبوونی دۆخی ئۆکرانیا کورتهێنانی گازی ئەوروپا پڕ بکەنەوە.