موقتەدا سەدر و سەرۆک بارزانی پەیوەندیەکی تەلەفونیان ئەنجامدا

هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێریان تاوتوێ کرد

سەرۆک مەسعود بارزانی و موقتەدا سەدر
سەرۆک مەسعود بارزانی و موقتەدا سەدر

K24 - هەولێر:

سەرۆک مه‌سعود بارزانی  لە پەیوەندیەکی تەلەفونیدا لەگەڵ‌ موقته‌دا سه‌در هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێریان تاوتوێ کرد.

ڕۆژی یەكشەممە 13ـی ئاداری 2022 سەرۆك مەسعود بارزانی لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەماحەتی سەید موقتەدا سەدر كرد.

لەو پەیوەندییەدا بیروڕا لەبارەی پەلاماری مووشەكیی شەوی ڕابردوو بۆ سەر هەولێر ئاڵوگۆڕ كرا و، هەردوولا لەسەر ئەوە ڕێككەوتن كە لیژنەیەكی لێكۆلینەوە بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان پێكبهێندرێت لەسەر ئەو ئیدعایەی كە گوایە بارەگای ئیسرائیلی لە هەولێر هەن و كراوەتە بیانوو بۆ پەلاماردانی هەولێر.

شەوی 13/12-3-2022. پاش کاتژمێر یەکی بەرەبەیانى، 12 مووشەکی دوورمەودای بالیستی لە سنوورەکانی دەرەوەی عیراق، لە رۆژهەڵاتەوە ئاراستەی باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەی ئەمەریکی لە هەولێر کران و ناوچە سڤیل نشینەکانی نزیك بارەگای کەناڵی کوردستان24 و دەوروبەری بەر هێرشەکە کەوتن، دەرئەنجام زەرەر و زیانی ماددی بەر باڵەخانە و خانووەکانی ئەو ناوچەیە کەوتووە و خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنیا هاووڵاتییەك بە سووکی بریندار بووه، دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکە لەئەستۆ گرت.